سەرۆکی حکوومەت و باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق، جەخت لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دەکەنەوە
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان, لەگەڵ پاتریک دۆرێڵ، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق، باسیان لە هەوڵەکانی زیاتر پەرەپێدانی پەیوەندییەکان کرد و جەختیان لە گرنگیی ڕێزگرتن لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان کردەوە.
دووشەممە، 30ی حوزەیرانی 2025، سەرۆکی حکوومەت پێشوازیی لە باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کرد و لە دیدارەکەدا کە یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، بیروڕا لەبارەی پێشخستنی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە و دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرا.
تەوەرێکی سەرەکيی کۆبوونەوە، تایبەت بوو بە پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ، لەمبارەیەوە جەخت لە گرنگیی ڕێزگرتن لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان کرایەوە.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی پاراستنی ئاسایش و ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە.


