جەدعون ساعر: جۆلان وەک بەشێک لە خاکی ئیسرائیل دەمێنێتەوە

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئیسرائیل ئارەزووی پەیوەندیی دیپلۆماسیی فەرمی لەگەڵ سووریا و لوبنان دەکات، بەڵام دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین دەبێتە مەترسی لەسەر ئاسایشی ئیسرائیل.

 دووشەممە، 30ـی حوزەیرانی 2025، جەدعون ساعر، لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە قودس، گوتی: لە ئەگەری هەر ڕێککەوتنێکی ئاشتی لەگەڵ سووریا، بەرزاییەکانی جۆلان وەک بەشێک لە ئیسرائیل دەمێنێتەوە.

گوتیشی: ئیسرائیل ئارەزووی پەیوەندیی دیپلۆماسیی فەرمی لەگەڵ سووریا و لوبنان دەکات، بەڵام دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین "دەبێتە مەترسی لەسەر ئاسایشی ئیسرائیل."

ئیسرائیل لە جەنگی ساڵی 1967، زۆرینەی بەرزاییەکانی سووریای داگیر کرد، کە جۆلانیش بەشێک بوو لێیان، هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکان تاوەکو ئێستا دانی بەو داگیرکارییەی ئیسرائیل نەناوە. 

لە 11ی حوزەیران، ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمەریکی لە زاری بەرپرسانی ئیسرائیلەوە بڵاوی کردەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکای بۆ سووریا ئاگادار کردووەتەوە، کە ئارەزووی دانوستان لەگەڵ حکوومەتی نوێی سووریا دەکات و خواستی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەوەی ئەمەریکا وەک ناوبژیوانێک لەم دانوستانانەدا ڕۆڵ بگێڕێت.

هەروەها بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل بە ماڵپەڕەکەی گوتبوو: ناتانیاهۆ، ئارەزووی دانوستان لەسەر ڕێککەوتنێکی ئەمنیی نوێکراوە و کارکردن بۆ ڕێککەوتنی ئاشتیی تەواوەتی لەگەڵ سووریا دەکات.

حکوومەتی نوێی سووریا هەوڵەکانی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل دووپات دەکاتەوە. ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سووریا هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند "دیمەشق بەدوای شەڕدا ناگەڕێت و پابەندە بە ڕێککەوتنی ساڵی 1974."

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment