ژمارەی کوژراوانی ئێران لە جەنگی ئیسرائیل گەیشتە 935 کەس

ئەسغەر جیهانگیری، گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران
ئەسغەر جیهانگیری، گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران

گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری ئێران ڕایگەیاند، تا ئێستا ناسنامەی 935 کوژراوی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ئاشکرا کراون.

دووشەممە، 30ـی حوزەیرانی 2025، ئەسغەر جیهانگیری، گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، تا ئێستا ناسنامەی 930 کەس لە کوژراوانی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ئاشکرا کراون.

ئاژانسی هەواڵی ئیسنا بڵاوی کردووەتەوە، بە گوتەی جەهانگیری، لە جەنگی 12 ڕۆژەی دژ بە ڕژێمی ئیسرائیل، نزیکەی هەزار هاووڵاتی بێتاوان کوژراون. بە گوێرەی دوا ئاماری پزیشکی یاسایی، تاوەکوو ئێستا ناسنامەی 935 کەس ئاشکرا بووە، لەوانە 132یان ئافرەت و 38 یان منداڵن.

ڕۆژی 13ی ئەم مانگە ئیسرائیل هێرشی فراوانی کردە سەر ئێران و جەنگێکی 12 ڕۆژە بەرۆکی ئێرانی گرت و بەهۆیەوە ژمارەیەک زۆر لە فەرماندە سەربازییەکانی سوپای پاسداران و هێزەکانی دیکەی ئێران و ژمارەیەک زانای ئەتۆمی کوژران.

پێشووتریش وەزارەتی تەندروستی ئێران ڕایگەیاندبوو، هەر بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە 4196 بریندار تۆمارکراون کە بەهۆی قورسیی برینی بەشێکیان، نەشتەگەری جیاواز بۆ 966 کەس لە بریندارەکان کراوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment