نوێترین زانیاری لەبارەی دەرئەنجامی کۆبوونەوەکانی شاندی حکوومەتی هەرێم لە بەغدا

سەرچاوەیەک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەمشەو کۆبوونەوەیەکی گرنگ لە نێوان سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، لەبارەی ڕاسپاردەکانی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.

سێشەممە 1ـی تەموزی 2025، حوسێن عەلاوی، ڕاوێژکاری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری، بە دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24ـی گوت: گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ مەبەستی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان و چارکردنی کێشەی مووچە بەردەوامە و ڕانەوەستاون.

جەختی لەوەش کردەوە، کۆبوونەوەکانی ئەم چەند ڕۆژەی نێوان شاندی هەردوو حکوومەت ئەرێنی بوون و بە ئاراستەی چارەکردنی کێشەکان بووە.

ڕاوێژکاری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، گوتی: سوودانی پێداگرە لەسەر چارەکردنی کێشەی هەولێر و بەغدا لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان، هەروەها ئاماژەی بەوە داوە، هەردوو حکوومەت جگە لە ڕێککەوتن هیچ ڕێگەیەکی دیکەیان لەبەردەم نییە.

ئەو ڕاوێژکارەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق باسی لەوەش کرد، ئەگەر شاندی هەردوو حکوومەت لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت و مووچە ڕێکبکەون، ئەوا کۆبوونەیەکی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەنجام دەدرێت و ڕێککەوتنەکە پەسەند دەکرێت.

کوردستان24 زانیویەتی، پرسی ناردنی مووچەی هەرێمی کوردستان بەستراوەتە بە ڕێککەوتن لەسەر دووبارە هەنادەکردنەوەی نەوتی کوردستان، هەروەها دوو ڕێگە بۆ ناردنی مووچە هەیە یان دادگای فیدراڵی بڕیارێکی وەلائی دەربکات یان ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لەسەر بدات.

هەر بە پێی زانیاریەکانی کوردستان24، ئێستا بەرچاوڕوونی لە نێوان شاندی هەردوو حکوومەت هەیە، هەروەها شاندی حکوومەتی هەرێم کە گەڕاوەتەوە لێکتێگەیشتن و بەرچاوڕوونی دەگەیەنێتە سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و شاندی عێراقیش لێکتێگەیشتن و بەرچاوڕوونییەکە دەباتەوە لای سەرۆک وەزیرانی عێراق.

سەبارەت بەو هەواڵانەی باس لە وەستانی گفتوگۆکان نێوان شاندی حکوومەتی هەرێم و عێراق دەکەن، سەرچاوەیەک بۆ کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەو هەواڵانە ڕاست نین بەڵکو ئێستاش گفتوگۆ لە نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیانی نەوت و نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێم و سەرۆکوەزیرانی عێراق هەیە. تەناتە لایەنی سێیەمیش لە گفتوگۆکاندا هەیە، بۆ ئەوەی بگەنە چارەسەر.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment