عەباس عراقچی: هەندێک وڵاتی ئەورووپا ڕۆڵی تێکدەر لە ناوچەکە دەگێڕن
وەزیری دەرەوەی ئێران و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا بە تەلەفۆن قسەیان کرد و باسییان لە پێشهاتەکانی ناوچەکە کرد.
سێشەممە 1ـی تەممووزی 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کەناڵی تێلێگرامەکەی نووسیویەتی: لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کایا کاڵاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، هۆشداریی دا کە هەندێک وڵاتی ئەورووپا ڕۆڵی تێکدەر لە ناوچەکە دەگێڕن.
هەروەها ڕەخنەی لە هەندێک لە وڵاتانی ئەورووپا گرت، بەهۆی ئەوەی لە کاتی جەنگی 12 ڕۆژە لایەنگری ئیسرائیل و ئەمەریکایان کردووە.
هاوکات کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: دەبێت هەماهەنگییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە ئێران دەست پێ بکاتەوە.
هۆشداریشی دا، هەڕەشەی کشانەوە لە پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی یارمەتی کەمکردنەوەی گرژییەکان نادات.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.
لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.
بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2025، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهانـیان لە ئێران بۆمباران کرد.
سێشهممه، 24ـی حوزهیرانی 2025، دۆناڵد ترهمپ، سهرۆكی ئهمهریكا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و ئێران ڕایگهیاند و گوتی، جیهان پێشوازیی لهم بڕیاره دهكات، هاوكات پیرۆزبایی له جیهان، ئێران، ئیسرائیل و ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست كرد.