یسرائیل کاتز: ئەوەی بە تارانمان کرد بە حووسییەکانی یەمەنی دەکەین

حووسییەکانی یەمەن ڕایگەیاند "چوار ئۆپراسیۆنی سەربازییان لەدژی ئیسرائیل کردووە. یسرائیل کاتز وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەڕەشە لە یەمەن دەکات و دەڵێت: چیمان بە ئێران کرد ئەوەش بە یەمەن دەکەین.
گوتەبێژی سەربازی حووسیییەکان ڕایگەیاند، یەکێک لە مووشەکەکان فڕۆکەخانەی بن گۆریون و هەروەها سێ شوێنی دیکەیان لە یافا و عەسقەلان و ئیلات بە درۆن بە ئامانج گرتووە .
دوابەدوای هێرشەکان، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەڕەشەی لە حووسییەکان کرد و گوتی: دوای پانکردنەوەی سەری مارەکە، نۆرەی یەمەنە، وەک تاران مامەڵەی لەگەڵ بکەین، ئێمە لە حووسییەکانی یەمەن دەدەین و هەرکەسێکیش دەستی لە دژی ئیسرائیل بەرز بکاتەوە، ئەو دەستەی دەبڕین.
هەر لەو چوارچێوەدا مایک هاکابی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە ئیسرائیل هۆشداریی بە حووسییەکان دا و گوتی "پێمان وابوو هەڵدانی مووشەک بۆ ئیسرائیل تەواو بووە، بەڵام حووسییەکان مووشەکێکیان ئاراستەی ئێمە کرد لە ئیسرائیل، ڕەنگە فڕۆکە بۆمب هاوێژەکانی بی دوو پێویستیان بە سەردانی یەمەن بێت". ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ بەکارهێنانی ئەو فڕۆکە ئەمەریکییەی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ و نەتەنز و ئەسفەهانی لە ئێران بۆمباران کرد.
حووسییەکان لە ئۆکتۆبەری 2023وە دەستیان کردووە بە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل، بانگەشەی ئەوە دەکەن پشتیوانی غەززەییەکان دەکەن.