ترەمپ کەمکردنەوەی ژمارەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق رادەگەیەنێت

5200 سەرباز، راویژکار و راهێنەری ئەمەریکی لە عێراقن

 K24 - هەولێر

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا "ئەمڕۆ رایدەگەیەنێت ئەمەریکا هێزەکانی لە عێراق کەم دەکاتەوە".

بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ترەمپ دوێنێ (سێشەممە، 8-9-2020) ئاشکرای کرد "ترەمپ رۆژی چوارشەممە بڕیاری کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، رادەگەیەنێت. دوای ئەو راگەیاندنە، راگەیەندراوێکی دیکەی دەبێت سەبارەت بە کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستانیش".

ئەو بڕیارە لەکاتێکدایە ترەمپی کاندیدی کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆر بووەتەوە سەبارەت بە چەند گوتەیەکی، چونکە دەگوترێت لە گوتەکانیدا ئەوە خوێنراوەتەوە "بە کەمی سەیری کوژراوانی ئەمەریکا دەکات لە شەڕەکاندا".

رۆژی 3-11-2020 هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا بەڕێوەدەچێت، بۆیە ئەو هەنگاوەی ترەمپ رەنگە بۆ ئەوە بێت، نیشانی خەڵکی ئەمەریکای بدات، پەیمانەکەی خۆی بردووەتە سەر، وەک چۆن لە سەرەتادا دەیگووت "دەبێت ئەمەریکا لەو شەڕە بێکۆتایانە بچێتە دەرەوە".

5200 سەرباز، راویژکار و راهێنەری ئەمەریکی لە عێراق بڵاوکراونەتەوە بۆ شەڕی داعش، مانگی رابردوو، بەرپرسێکی ئەمەریکی بە مەرجی بڵاونەبوونەوەی ناوی، بۆ ئاژانسی رۆیتەرز قسەی کردبوو و گوتبووی "ویلایەتە یەکگرووەکانی ئەمەریکا لە چەند مانگی داهاتوودا یەک لەسەر سێی هێزەکانی لە عێراق دەکشێنێتەوە".

 

 

سەرچاوە: رۆیتەرز