کۆچی نایاسایی بەرەو بەریتانیا زیادی کردووە

کۆچی نایاسایی بەرەو بەریتانیا بەراورد بە ساڵی 2024 بەڕێژەی سەدا 48، بەراورد بە ساڵی 2023ـیش، بەڕێژەی سەدا 75 زیادی کردووە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی بەریتانیا، تەنها لە شەش مانگی ئەمساڵدا، نزیکەی 20 هەزار کۆچبەر بەڕێگەی نا یاسایی ڕوویان لە بەریتانیا کردووە، حکوومەتی بەریتانیا کە پارتی کرێکارانی ئەو وڵاتە بەڕێوەی دەبات، لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە بەڵێنی کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکانی دابوو، ڕێککەوتنی لەگەڵ چەند وڵاتێکیش لەو بارەوە کردبوو بۆ ڕێگریی لە قاچاخچییەتی کردن بە مرۆڤ، بەڵام تا ئێستا نەیتوانیووە بەڵێنەکەی جێبەجێ بکات، زۆربەی ئەو کۆچبەرانەی ئەمساڵ ڕوویان لە بەریتانیا کردووە، ئەفغانی و سووری و ئێرانی بوون.
ئەو کۆچبەرانەی ئەمساڵ بەڕێگەی نایاسایی گەیشتوونەتە بەریتانیا و ژمارەیان زیاتر لە 20 هەزار کۆچبەرە، لە کەناڵی ئینگلیزەوە دەرباز بوون و چوونەتە نێو بەریتانیا، ئەو ئامارەش بە تۆمارێکی نوێ لە ژمارەی کۆچی نایاسایی بەرەو بەریتانیا دادەنرێت و کاریگەریی لەسەر حکوومەتی کێیەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا دروست کردووە کە بەڵێنی بنبڕکردنی کۆچی نایاسایی بەرەو وڵاتەکەی دابوو.
بەگوێرەی ئامارەکانی حکوومەتی بەریتانیا، تەنیا ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، 879 کۆچبەر نۆکەندی ئینگلیزیان تێپەڕاندووە، لە شەش مانگی ڕابردووشدا، 19 هەزار و 982 کۆچبەر بەڕێگەی نایاسایی ڕوویان لە بەریتانیا کردووە، کۆچی نایاسایی بەرەو ئەو وڵاتە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بەڕێژەی سەدا 48، هەروەها بەراورد بە ساڵی 2023، بەڕێژەی سەدا 75 زیادی کردووە، لە ساڵی 2018ـەوە ئەم ئامارە بە بەرزترین ڕێژەی ساڵانەی کۆچی نایاسایی بە ئاڕاستە ئەم وڵاتە دادەنرێت.
ئەم دۆخە، ئالەنگاریی ڕژد بۆ حکوومەتی پارتی کرێکارانی بەریتانیا بە سەرۆکایەتی کێیەر ستارمەر لە بەرانبەر پارتی ڕاستڕەوی دژە کۆچبەر کە پارتی ڕیفۆرمی بەریتانیایە دروست کردووە، لە هەمان کاتدا پەرلەمانی بەریتانیا تاوتوێی پرۆژە یاسای کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکان دەکات کە ئامانج لێی زیادکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردنی یاسایە لەسەر سنوورەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تۆڕەکانی قاچاخچییەتی بە مرۆڤ، لەم بارەوە، بەریتانیا ڕێککەوتنی هەمەلایەنەی لەگەڵ (عێراق، ئەڵمانیا، سربیا و کۆسۆڤۆ) بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کۆچی نا یاسایی هەیە، بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە بەشێک لە تێچووی کۆنتڕۆڵکردنی دیاردەی کۆچی نایاسایی، بەریتانیا دەیدات، فەرەنساش لەنێو ڕێککەوتنەکدایە و لەژێر گوشاردایە، بەریتانیا داوای لەو وڵاتە کردووە، پاسەوانیی دەریایی لە دووری 300 مەتر لە کەنارەکانیدا، بەلەمەکانی قاچاخچییەتی کە بە تاکسی دەریایی ناسراون، بووەستێنێت، بەڵام هێزەکانی دەریایی فەرەنسا تەنها بە ئەرکی مرۆیی و لە حاڵەتی فریاگوزاریی بۆ ڕزگارکردنی کۆچبەران لە مەترسیی، ئەم ئۆپەراسیۆنانە ئەنجام دەدەن.
بەگوێرەی ئامارەکانی بەریتانیا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە، 17 کۆچبەر و ساڵی پاریش 78 کۆچبەر بەهۆی هەوڵی پەڕینەوە بۆ بەریتانیا لەڕێگەی دەریاوە، خنکاون.