پێنتاگۆن: جۆو بایدن بەبێ بیرکردنەوە چەکی بە ئۆکرانیا داوە

پێنتاگۆن ڕەخنەی لە جۆو بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا گرت، لەسەر ئەوەی زیادەڕۆیی لە دابینکردنی چەک و کەرەستەی سەربازی بۆ ئۆکرانیا کردووە.

شۆن پارنێل، گوتەبێژی پێنتاگۆن ڕایگەیاند، لە سەردەمی جۆو بایدن، ئەمەریکا بەبێ بیرکردنەوە چەکی دابەشکردووە، ئەمەش بە هاتنی دۆناڵد ترەمپ، گۆڕا.

پارنێل گوتیشی: پێموایە لە سەردەمی ئیدارەی بایدندا، ئێمە بۆ ماوەیەکی زۆر، چەک و تەقەمەنیمان دابەش کرد، بەبێ ئەوەی تەنانەت بیر لەو بڕە بکەینەوە کە هەمانە.

ئاماژەی بەوەش کرد، "بڕوام وایە سەرۆکی نوێ هەڵبژێردرا بۆ ئەوەی بتوانین وڵاتەکەمان بخەینە پێشەوە و نیشتمانی خۆمان بپارێزین. بەشێک لە کارەکەمان ئەوەیە کە داتایەک بۆ سەرۆک بنێرین، بۆ ئەوەی بتوانێت هەڵسەنگاندن بکات ئێستا چەند تەقەمەنیمان هەیە و بۆ کوێ ناردوویانە، ئەو شیکارییە ئێستا بەردەوامە".

ڕۆژی سێشەممە، 2ـی تەممووزی 2025، ڕۆژنامەی پۆلیتیکۆ ئاشکرای کرد، ناردنی چەک و تەقەمەنی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا بەهۆی کەمبوونەوەی جبەخانەی ئەمەریکاوە ڕاگیراوە.

ئانا کێلی، گوتەبێژی کۆشکی سپی بڕیاری ڕاگرتنی چەکی بۆ ئۆکرانیا پشتڕاستکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، بڕیارەکە لەپێناو بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا دراوە.

لای خۆیەوە دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملن، "هەرچەندە چەک کەمتر بگەیەنرێتە ئۆکرانیا، نزیکتر دەبینەوە لە کۆتایی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە."