دیگۆ جۆتای پورتوگالی بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانی لەدەستدا

پێنجشەممە، 3ـی تەممووزی 2025، ڕۆژنامەی مارکای ئیسپانی بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ یاریزانی بەناوبانگی تۆپی پێی پورتوگالی و لیڤەرپولی ئینگلیزی 'دیگۆ جۆتا' بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانی لەدەستدا.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی مارکای ئیسپانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، دیگۆ جۆتای تەمەن 28 ساڵ ئەستێرەی یانەی لیڤەرپول، لەگەڵ براکەی ئەندرێی، لە شاری زامورای ئیسپانی بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستدا.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە، دیگۆ جۆتا شۆفێری کردووە و براکەشی لەگەڵی بووە، دوای کۆنترۆڵی لەدەستداوە لە ڕێگەی سەرەکی لایداوە و دواتر ئۆتۆمبێلەکە ئاگری گرتووە، هەروەها شایەتحاڵانی نزیک لە ڕووداوەکە باسیان لەوە کردووە، دوای ئۆتۆمبێلەکە ئاگری زۆری لێ بەرزبووەتەوە، پەیوەندییان بە پۆلیس و تیمی فریاگوزاری کردووە.

دیگۆ جۆتا ناوی تەواوی 'دیگۆ جۆزێ تێکسێرا دا سیلڤا'یە، لە کانوونی یەکەمی 1996 لەدایک بووە، یاریزانی تۆپی پی بووە، لە هێڵی هێرشبەر یاری کردووە.

جۆتا سەرەتا لەگەڵ یانەی باسیج دی ڤێرا دەستی بەیاریکردن کردووە، دواتر چووەتە یانەی ئەتلەتیکۆمەدریدی ئیسپانی، هەروەها یاریی لە یانەکانی پۆرتۆ و ولڤەرهامتن کردووە، دواتر لە ساڵی 2020ەوە، ڕووی لە یانەی لیڤەرپولی ئینگلیزی کردووە و تاوەکوو ئێستا لە کاروانی وەرزشی خۆیدا خاوەنی 150گۆڵە.