چاودێری بازرگانی سۆران: بەشێک لە مارکێتەکان بە ناوی داشکان و تیروپشک فێڵ لە هاووڵاتییان دەکەن

بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانیی سۆران لەمەودوا ڕێگە نادات، هیچ مارکێت و فرۆشیارێک بە ئاره‌زووی خۆیان داشکان و تیروپشک بۆ كاڵا و به‌رهه‌مه‌كانیان و دیارییه‌كانیان بکەن، بۆ ئەوەی فێڵ لە هاووڵاتییان نەکرێت.

سەفا سەیدخان، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سۆران، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 3ـی تەمووزی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لە ماوەکانی ڕابردوو بەشێک لە مارکێتەکان لە ڕێگەی داشکاندنی کاڵا و خواردن، فێڵیان لە هاووڵاتییان دەکرد، هەروەها بەشێکی دیکەشیان بۆ سەرنجڕاکێشانی کڕیاران تیروپشکی ناڕاستیان دەکرد.

بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سۆران دەڵێت: فرۆشیار هەبووە زیاد لە دوو ساڵە بە ناوی تیروپشک فێڵ لە کڕیاران دەکات و هیچ دیارییه‌ك پێشکەش بە کڕیارەکانی نەکردووە، هەر بۆیە بەگوێرەی یاسا پێویستە ئەم جۆرە کەسانە سزا بدرێن.

سەفا سەیدخان، گوتیشی: هەر فرۆشیارێک داشکان یان تیروپشک بۆ مارکێت یان شوێنەکەی بکات پێویستە پێشوەختە لە بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانیی فۆرمێکی تایبەت پڕ بکاتەوە، ئەمەش لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییاندایە.

بەشێک لە فرۆشیاران بە ناوی داشکان و تیروپشک بۆ دەرچوونی ئۆتومبێل یان هەر بەرهەمێکی دیکە کڕیاریان چەواشە دەکرد، بەگوێرەی یاسای چاودێریی بازرگانیی پێویستە سزا بدرێن و ڕێگریی لێ بکرێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment