ئۆکرانیا هێرشی کردە سەر فڕۆکەخانەی بۆریسۆگلێبسکی ڕووسیا

شەممە، 5ـی تەممووزی 2025، ئەرکانی گشتی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، فڕۆکەخانەی بۆریسۆگلێبسکیان لە ناوچەی ڤۆرۆنیج لە ڕووسیا بۆمباران کردووە، پشتڕاستی کردەوە کە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کۆگایەکی بۆمب و فڕۆکەیەکی مەشق و ڕاهێنان بە کەوتوونەتە بەر هێرشەکە.

لەلایەکی دیکەوە دەزگای فڕۆکەوانی فیدراڵی ڕووسیا ڕاگرتنی گەشتی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەکانی ئیژێڤسک و ئیڤانۆڤۆی ڕاگەیاند، ئەمەش بەهۆی پێشبینیەکانیان بۆ ئەگەری هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیا.

لای خۆیەوە وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا، ئاشکرای کرد، 94 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیان لە ئاسمانی ناوچەکانی ڕووسیا خستووەتە خوارەوە.

پێنجشەممە 3ـی تەممووزی 2025، کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کرێملن) لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا بە تەلەفۆن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا قسەی کردووە و تاوتوێی پێشهاتەکانیان لە ئێران، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جەنگی ئۆکرانیا کردووە.

پوتن جەختی گوتبووی، ڕووسیا دەستبەرداری ئامانجەکانی لە ئۆکرانیا نابێت، لە نێویشیاندا هۆکارە بنەڕەتییەکانی ئەم جەنگە، باسی لەوەش کردبوو، ڕووسیا ئامادەیە لە گفتوگۆکان و دۆزینەوەی چارەی ئاشتییانە بۆ ئۆکرانیا.

لای خۆشییەوە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو، پێم وا نییە، ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا بیەوێت ئەو جەنگە ڕابگرێت، بۆیە زۆر نائومێد بووم.