وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا: حەماس بەرپرسیارە لە هێرشکردنە سەر کارمەندانی فریاگوزاری لە غەززە

لە بەیاننامەیەکدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، حەماسی تۆمەتبار کرد بە هێرشکردنە سەر کارمەندانی فریاگوزاریی ئەمەریکی لەگەڵ دەزگای مرۆیی غەززە لە شوێنی دابەشکردنی خۆراک کە تێیدا دوو کارمەند برینداربوون.

لە بەیاننامەیەکەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هاتووە؛ ئێستا دوو بریندارەکە چارەسەری پزیشکی وەردەگرن و باری تەندروستییان جێگیرە.

ئاماژەی بەوەش کرد، "لە دوای دابەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بەسەر هەزاران غەززەیی، هێرشبەران دوو نارنجۆکی دەستییان بەسەر ئەمەریکییەکان فڕێداوە."

تامی بروس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، دەڵێت: بزووتنەوەی حەماس بەرپرسیارە لە هێرشەکە.

تامی بروس، لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس  نووسیویەتی: ئەم کارە توندوتیژییە بەرامبەر بەو کارمەندانەی فریاگوزاری، خراپەکارییەکانی حەماس ئاشکرا دەکات.

دەشڵێت: دەزگای مرۆیی غەززە، زیاتر لە 62 ملیۆن ژەمی خۆراکی دابەشکردووە، هیچ شتێکیش ڕێگری لە کارەکانی ئەو کارمەندانە ناکات و دوعا دەکەین بۆ چاکبوونەوەی خێرا بریندارەکان.

لای خۆیەوە لە بەیاننامەیەکدا سوپای ئیسرائیل حەماسی بە تێکدانی پرۆسەی دابەشکردنی یارمەتییەکان لە غەززە تۆمەتبار کرد.