پەری نوری: دوو هەزار و 70 کەس، لە کەسوکاری ئەنفالکراوان نموونەی خوێنیان لێ وەرگیراوە

وەرگرتنی نموونەی خوێن لە کەسوکاری ئەنفالکراوان بەردەوامە و سەرپەرشتیاری هەڵمەتەکەش دەڵێت: زۆرترین ڕێژەی ئەنفالی خێزانە کوردەکان، لە سنووری چەمچەماڵ بووە.

پەری نوری، سەرپەرشتیاری وەرگرتنی هەڵمەتی خوێن لە کەسوکاری ئەنفالکراوان، ئەمڕۆ یەکشەممە، 6ـی تەمووزی 2025، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: هەڵمەتی وەرگرتنی نموونەی خوێن لە کەسوکاری ئەنفالکراوان زۆر درەنگ دەستی پێکردووە، بەشێک لەوانەی کەسوکاریان ئەنفالە، خۆیان لە ژیان نەماون، ئەمەش گرفت بۆ پرۆسەکە دروست دەکات.

پەری نوری گوتی: وەرگرتنی نموونەی خوێن و زانیاری، گرنگترین قۆناغی پرۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکانە، چونکە دەبێت داتای نموونەی خوێنی ئەو کەسانە لەگەڵ ئەو کەسانەی بێ سەروشوێنن، هاوتای یەکبن.

باسی لەوەش کرد، ئەمە حەوتەمین قۆناغی پرۆسەی وەرگرتنی زانیاری و نموونەی خوێنە لە کەسوکاری ئەنفالکراوان، بەڵام لە چەمچەماڵ سێییەمین قۆناغە، چونکە زۆرترین ئەنفالی خێزانە کوردەکان لە سنووری چەمچەماڵ بووە.

هەروەها ئاماژەی بەوە دا، ئەم پرۆسەیە زۆر قورسە و کاتی زۆر پێویستە، چونکە ژمارەی ڕووفاتەکان زۆرە و ژمارەی ئەو کەسانەی زانیاری دەدەن و نموونەیان خوێنیان لێ وەردەگیرێت زۆر کەمترە، بە گوێرەی ستاندەردی جیهانیی پێویستە ئەو کەسانەی نموونەی خوێنیان لێ وەردەگیرێت سێ ئەوندەی ژمارەی ڕووفاتەکان بن.

دەشڵێت: تاوەکوو ئێستا دوو هەزار و 500 کەسی بێ سەروشوێن تۆمار کراون، بەڵام ئەو کەسانەی نموونەیان خوێنیان لێ وەرگیراوە دوو هەزار و 70 کەسە، لە کۆیە زۆرترین کەس نموونەیان خوێنیان لێ وەرگیراوە.

 
 
 
 

Fly Erbil Advertisment