لە خواروو و ناوەڕاستی عێراق خواست لەسەر لانکی هەولێر هەیە

دارتاشێک خەریکی دروستکردنی لانکێکە، وێنە شۆڕش هەرکی، کوردستان24
دارتاشێک خەریکی دروستکردنی لانکێکە، وێنە شۆڕش هەرکی، کوردستان24

لانک کەرەستەیەکی ڕەسەنه‌ و مێژووی دروستکردن و بەکارهێنانی لە کوردستـان، زۆر کۆنە و بۆ چەند سەدەیەک له‌مه‌وبه‌ر دەگەڕێتەوە، تاوەکوو ئەمڕۆش بایـەخ و جوانی و ڕەسەنایەتی خۆی لەدەست نەداوە و لە بەشێکی زۆری ماڵەکانی کوردستاندا هەیە.

لە کۆڵانی نەجاڕان لە قەیسەری هەولێر، ژمارەیەک دارتاشی تایبەت بە دروستکردنی لانک هەن، کە ساڵانێکی زۆرە لانک دروست دەکەن، تەنانەت بەشێک لەوانە، هەناردەی پارێزگاکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق دەکرێت.

کارزان موحسین، دارتاش، ئەمڕۆ دووشەممە، 7ـی تەمووزی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان 24ـی گوت: لە کۆڵانی نەجاڕانی قەیسەری هەولێر زیاتر لە 25 ساڵە لانک دروست دەکەم، دروستکردنی هەر لانکەیەک 20 خولەکی پێویستە، بەڵام ئێمە بە کۆمەڵ دروستی دەکەین، چونکە خواست لەسەر لانکە کەم نه‌بووەتەوە، بەڵکوو وەک ساڵانی پێشوو هاووڵاتییان هەر دەیکڕن.

ئەو دارتاشە ئاماژەی بەوە دا، گوندنشینان لە هەموو ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بەراورد بە شارنشینەکان زیاتر لانک دەرکڕن، لانکەش چوار جۆری هەیە، بەڵام هیچ ناوچە و دەڤەرێک لانكه‌ی تایبەت بە خۆی نییە.

کارزان موحسین گوتیشی: ئەو لانکانەی دروستی دەکەین، بۆ هەموو پارێزگا و شارۆچکەکان دەینێرین، نرخیشیان گونجاوە لە 20 هەزارەوە تاوەکوو 45 هەزار دەبێت.

بوونی لانک لە ماڵاندا، گوزارشتە لە بوونی منداڵ لەو ماڵانەدا، ئەو کەرستانەی لەنێو لانکە هەن، دۆشەک، سەرین، دەسرازە، سەربێشکە، حەتحەتۆکە.

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment