کۆی کوژراوانی ئێران له‌ جه‌نگیی 12 ڕۆژە گەیشتە سەرووی هەزار کەس

سەعید ئەوحەدی، سەرۆکی دامەزراوەی شەهیدان و جەنگاوەرە دێرینەکانی ئێران ئاشکرای کرد، کۆی کوژراوانی ئێران لە جەنگی 12 ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیل گەیشتووتە هەزار 60 کەس و پێشبینیش دەکات ژمارەکه‌ هێشتا بەرز ببێتەوە.

سەعید ئەوحەدی ئەمشەو دووشەممە 7ـی تەممووزی 2025، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا گوتی: تاوەکوو ئەمشەو لە سەرتاسەری ئێران هەزار و 60  کەسی ئازیزمان لە کوژراوانی جەنگی 12ـی ئیسرائیل بەخاکسپاردووە.

گوتیشی: بە گوێرەی ئەوەی بەشێکی بریندارەکان، لە نەخۆشخانە و له‌ بەشی چاودێریی چڕ چارەسەر دەکرێن و ژمارەیەک لە تەرمەکانیش تا ئێستا نەناسراونەتەوە، پێشبینی دەکرێت کۆی کوژراوانی ئەم جەنگە بگاتە هەزار و 100 کەس.

بە گوتەی ئەوحەدی لە کۆی کوژراواندا 126ـیان ئافرەت و 41ـیان منداڵی بێگونا‌هـ بوون و بوونەتە قوربانی هێرشەکانی ئیسرائیل. ئاماژەشی دا، خانەوادەی سەرجەمی قوربانییەکانی لە لایەن دامەزراوەی شەهیدان و جەنگاوەرە دێرینەکانی ئێران ناونوسراون و هاوکاریی پشتیوانی دەکرێن.

سوپای ئیسرائیل لە بەرەبەیانی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، هێرشی فراوانی ئاسمانی کردە سەر ئێران و جەنگێکی 12 ڕۆژە لە نێوانیان هەڵگیرسا، دواجار ئەمەریکا بە فڕۆکە B-2 لە بەرەبەیانی یەکشەممە 22ـی هەمان مانگ هێرشی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران (فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان) و دوای هێرشەکەش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: "دامەزراوەی فۆردۆ کۆتایی پێهات و ئێستا کاتی ئاشتییە"، بەڵام  کاتژمێر حەوتی بەیانی سێشەممە 24ـی حوزەیرانی 2025، لەسەر پێشنیازی دۆناڵد ترەمپ، هەردوو لایەنی جەنگەکە دەست بەرداری هێرشکردنە سەر یەکتر بوون و ئاگربەست ڕاگەیاندرا.