ژمارەی گیان لەدەستدانی لافاوەکەی تێکساس بۆ 94 کەس بەرز بووەوە
تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن بڵاوی کردووەتەوە، ژمارەی گیان لەدەستدانی لافاوەکەی تێکساس بۆ 94 کەس بەرز بووە.
هەروەها بەڕێوەبەرایەتی فریاکەوتنی ناوچەی کێندڵ لە ویلایەتی تێکساس لە ڕاگەیەندراوێکدا، ڕۆژی دووشەممە تا کاتژمێر 9:00ی شەوی ڕابردوو، تەرمی شەش هاووڵاتییان لە ناوچەی کێندڵ دۆزیوەتەوە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەشی داوە، هاوسۆز و هاوخەمی خۆمان پێشکەشی خێزانی قوربانییان دەکەین.
باسی لەوەش کردووە، نامەیەکی زۆرمان پێگەیشتووە، بەڵام دڵنیاتان دەکەینەوە تیمەکانمان هەموو هەوڵێکی خۆیان دەدەن لە ڕزگارکردنی هاووڵاتییان و دۆزینەوەی تەرمەکانی دیکە.
دوێنی یەکشەممە 6ـی تەممووزی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس نووسیبووی: باری لەناکاو لە ناوچەی کێر کۆونتی لە ویلایەتی تێکساس ڕادەگەیەنم، بۆ ئەوەی تیمەکانی فریاگوزاری بتوانن ئەو کەرستە پێویستییانە بۆ ڕزگارکردنی هاووڵاتییان دەستبەجێ بەکاری بهێنن.
سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەشی دابوو، تیمەکانی فریاگوزاری و پاسەوانی کەناراوەکانی ئەمەریکا تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 850 کەسییان ڕزگار کردووە.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 4ـی تەممووزی 2025، بارانی بە لێزەمە و لە ناکاو، ئاستی ئاوی ڕووباری گوادالوبی لە دووری 140 کیلۆمەتری شاری سان ئەنتۆنیۆ، بۆ 9 مەتر بەرز کردەوە. لە کاتێکدا ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی و گەشتیاران، بە بۆنەی ڕۆژی سەربەخۆیی ئەمەریکاوە هاتبوونە کەناری ڕووبارەکە و چەندان کەمپی گەنجان و قوتابیانیش لەوێ ساز کرابوون.