ئەمەریکا: هەناردەکردنەوەی نەوت لە بەرژەوەندیی هەموو عێراقە
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهان سوود بە هەموو عێراق دەگەینێت، داواش دەکات هەرێمی کوردستان و عێراق لە ڕێگەی گفتوگۆوە کێشەکانیان چارە بکەن.
سێشەممە، 8ـی تەممووزی 2025، تامی بروس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، هەولێر و بەغدا هان دەدەین بە گفتوگۆ پرسی مووچە کێشەکانی نێوانیان چارە بکەن.
گوتیشی: چارەسەرێکی سەرکەوتووانە کە لە بەرژەوەندی هەموو عێراق بێت، بەشێوەیەک کە هەناردەکردنهوهی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهان دەست پێ بکاتەوە، بۆ ئەوەی دەرفەت بە کۆمپانیا ئەمەریکییەکان بدەن لەوێ کار بکەن و لە ڕێگەی ئەو کۆمپانیایانە وزەی زیاتر بەرهەم بێت.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەبارەی ئێرانەوە ئاماژەی دا، دەبێت ئێران بۆ مێزی گفتوگۆ بگەڕێتەوە.
هەروەها لەبارەی غەززەوە تامی بروس گوتی: دۆناڵد ترەمپ بە ئاگربەستی غەززە گەشبینە و هیواشی بە بەرەوپێشچوونەکان لە بارەی ئاگربەستی غەززە هەیە، هاوکات ترامپ پابەندە بە ئاشتیی جیهانی.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا گوتیشی: ئێمە سەرنجمان لەسەر ئاگربەستی غەززە هەیە و گەشبینین کە بەم نزیکانە ڕادەگەینرێت. هاوکات لەو چوارچێوەیەش سەرنجمان لەسەر دابەشکردنی هاوکارییە مرۆیییەکان و ئازادکردنی بارمتەکانیشە.
تامی بروس ئەوەشی خستە ڕوو، پەیوەندییەکانی نێوان دۆناڵد ترەمپ و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕوون و ئاشکران، هەموو ئەمانە دەرخەری ئەوەن ئێستا دەرفەتێک هەیە، لە کاتێکدا ئەو گرووپە چەکدارانەی لەلایەن ئێرانەوە هاوکاریی دەکران تەواو لاواز بوون.
باسی لەوەش کرد، حەماس نابێت ببێتە بەشێک لە داهاتووی غەززە، بەڵکوو خەڵک دەبێت بڕیار لە داهاتووی ئەو کەرتە بدات.
تامی بروس جەختیشی کردەوە، ئەمەریکا ئاشتیی جیهانی دەوێت، ئەوەش ئامانجی ئێمەیە و لەگەڵ هاوبەشانمان کاری بۆ دەکەین، چونکە ئەمە بۆ جیهان و بۆ ئەمەریکا گرنگ و ئەرێنییە.
لەبارەی ئۆکرانیاوە تامی بروس گوتی: ئێمە وەکوو هاوپەیمانێکی بەهێزی ئۆکرانیا دەمێنینەوە، بە مەبەستی بەرگریکردن لە خۆی، ناردنی چەک و کەلوپەلی سەربازی بۆ ئەو وڵاتە دەست پێ دەکاتەوە.