کارزان هادی: تیروپشک بۆ 57 هەزار فەرمانبەر دەکەین کە ناویان بۆ پێدانی زەوی گەڕاوەتەوە

سەرۆکی شارەوانی هەولێر ڕایگەیاند، ناوی نزیکەی 57 هەزار فەرمانبەری دیکە گەڕاوەتەوە سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر، بەهیواین هەفتەیەکی دیکە تیروپشک بۆ ئەو فەرمانبەرانەی وەزارەتەکانی حکوومەت بکەین، کە ناویان گەڕاوەتەوە.

کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە قۆناغی یەکەم توانیومانە نزیکەی سێ هەزار زەوی بەسەر فەرمانبەرانی چوار وەزارەتی حکوومەت دابەش بکەین، گوتیشی: ئێستا ناوی نزیکەی 57 هەزار فەرمانبەری دیکە گەڕاوەتەوە سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر.

گوتیشی: فەرمانبەرانی سەرۆکایەتی شارەوانی جگە لەدەوامی خۆیان کاتەکانی دیکەش هەندێک جار ڕۆژانی شەممەش، دەوام دەکەن، بۆ ئەوەی قۆناغی دووەم بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بۆیە هیوادارین لە زووترین کات قۆناغی دووەم دەست پێ بکەین. 

کارزان هادی باسی لەوەش کرد، بریار بوو دوای جەژنی قوربان تیروپشک بۆ ئەو ناوانە بکەین کە ناویان بۆ پێدانی زەوی گەڕاوەتەوە، بەڵام بەهیواین هەفتەیەکی دیکە تیروپشک بۆ ئەو فەرمانبەرانەی وەزارەتەکانی حکوومەت بکەین، کە ناویان گەڕاوەتەوە.

ئاماژەی بەوەش دا، تاوەکوو یەک فەرمانبەر مابێت کە بڕیارەکەی حکوومەت بیگرێتەوە پرۆسەکە بەردەوام دەبێت، کارەکانیشمان بەپێی ئەو ماستەرپلانە بەڕێوەدەچێت کە بۆ نیشتەجێبوون دیاریکراوە، هەروەها پرۆسەی وردبینی بۆ ئەو 57 هەزار فەرمانبەرە گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی، پێشبینیش دەکەین 60 هەزار فەرمانبەر سوودمەند بن.

لەبارەی گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان بەو زەویانە گوتی: 24 دیدگا بۆ ماستەر پلانی زەوییەکان هەیە، کە یەکێک لەو دیدگایانە گەیاندنی خزمەتگوزاریی بووە، دیدگایەکی دیکە بەستنەوەی بووە بە سەنتەری شاری هەولێر.