سوپای ئیسرائیل حەوت سەربازی خۆی دەستگیر کرد

سوپای ئیسرائیل، 7 سەربازی سەر بە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی، بە تۆمەتی بەدڕەوشتی دژی هاوڕێکانیان، دەستگیر کردووە.
ڕۆژنامەی یەدیعۆت ئیحرۆنۆت، لە زاری وتەبێژێکی سوپای ئیسرائیلەوە بڵاوی کردووەتەوە، شەوی سێشەممە، 8ـی تەممووز، 2025، 7 سەربازی سەر بە سیستەمی بەرگریی ئاسمانییان بە تۆمەتی دەستدرێژیی بۆ سەر هاوڕێ گەنجەکانیان لەو یەکەیەی خزمەتی تێدا دەکەن، دەستگیر کردووە.
سوپای ئیسرائیل، بە پەیامنێری ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە، پۆلیسی سەربازیی سوپا، لێکۆڵینەوەی دەربارەی "کرداری نەگونجاو و مەترسیدار" لە لایەن سەربازانی کۆنەکارەوە بەرانبەر بە هاوڕێ سەربازە گەنجەکانیان، لە بەتالیۆنی 136 ی بەرگریی ئاسمانیی سوپای ئیسرائیل، کردووەتەوە. ئەو هەڵسوکەوتە بۆ ماوەی چەندان هەفتە بەرانبەر بە 10 سەربازی تازەی بەتالیۆنەکە، کراوە.
بەڵام ڕۆژنامە چۆنییەتی ئاشکرابوونی ئەو بابەتەی ڕوون نەکردووەتەوە و ناشزانرێ، سەربازە تۆمەتبارەکان بە چ شێوەیەک سزا دەدرێن.