ئەم 12 بۆمبەی ئەورووپا هەڵدەتەکێنێت
هێرشبەرێك بۆ یانەی بارسێلۆنا بەڕێوەیە
وەرزی گواستنەوەی هاوینەی یاریزانان لە ئەوروپا دەستی پێکردووە و چاوەڕوان دەكرێت چەندان ئەستێرەی ناودار لەم هاوینە گەرمە یانەكانیان بگۆڕن.
ڤیکتۆر گیۆکرێس،رۆدریگۆی بەرازیلی، ڤیکتۆر ئۆسیمێن، ئەندرێ ترێشتیگێن، پێشبینی دەكرێت چەندان ئەستێرەی دیكە لە یانەكانیان نەمێننەوە و ئەزموونی نوێ تاقی بكەنەوە و هەر کامێكیان دەتوانن بۆمبی تەوقیتکراوی وەرزی هاوینەی گواستنەوەکان بن.
ڤیکتۆر گیۆکرێس
هێرشبەری سویدی دەیەوێت یانەی سپۆرتینگ لیسۆنای پۆرتوگال جێبهێڵێت. لە ئینگڵاند دەنگۆی ئەوە هەیە ئارسێناڵ ئامادەیە بە بڕی 71 ملیۆن یۆرۆ ئەم یاریزانە بۆ ریزی خۆی بگوازێتەوە، راستە ئارسێناڵ سەرەکیترین یانەیە بۆ گواستنەوەی، بەڵام سپۆرتینگ ئامادە نییە تەنانەت یەک یۆرۆش لە بڕی پارەکەی کەم بکاتەوە. هەڵبەت یانەی مانچێسەر یونایتدیش هەوڵی بەدەستهێنانی ئەم یاریزانە دەدات.
ڤیکتۆر ئۆسیمێن
ڤیکتۆر ئۆسیمێن ناوێکی درەوشاوەی تۆپی پێیە و دوای درەوشانەوەی لە یانەی گەڵاتەسەرای تورکیا، چاوی لەوەیە بچێتە یانەیەک کە گیرفان و بەڕكی پڕ بکات لە یۆرۆ.
راهێنەری هەڵبژاردەی نیجێریا لەم باوەڕەدایە ئۆسیمێن باشترین هێرشبەری جیهانە کە بە ئەگەری زۆرەوە لە داهاتوودا بۆ یانەی بارسێلۆنا یان ریاڵ مەدرید دەگوازرێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا چەند ئۆفەرێکی لە ئینگڵاند و ئیتاڵیا بەدەست گەیشتووە، دەنگۆی ئەوەش هەیە یانەی یوڤێنتۆس نزیکترین یانەیە لەم هێرشبەرە ئەفریقییە.
رۆدریگۆی بەرازیلی
لەو کاتەی ئانچیلۆتی یانەی ریاڵ مەدریدی بەرەو هەڵبژاردەی بەڕازیل جێهێشت، داهاتووی پیشەگەرانەی ئەویش لەق بووە، بەڵام یەک لە باشترین یاریزانەکانی بەڕازیلە، ریاڵ مەدرید چاوەڕوانی پێشنیازەکانە و نایەوێت ئەم یاریزانە بە زۆرەملێ رابگرێت، چونکە لە ریاڵ مەدرید بەدوای یاریکردنی زیاترە. دەنگۆی ئەوە هەیە ئارتێتای راهێنەری ئارسێناڵ پێی ناخۆش نابێت ئەم یاریزانەی هەبێت. بەڵام ئۆفەری دیکەشی هەیە، بۆ نموونە نەسری سعودیە.
مارک ئەندرێ تیر شتیگن
دوای گەڕانەوەی لە پێکان ئاستی باش دەرنەکەوت. چێزنی گرێبەستەكەی لەگەڵ بارسێلۆنا نوێکردەوە و تەنگی بەم گۆڵپارێزە ئەڵمانییە هەڵچنیوە. هەرچەندە تا ئێستاش هەر خەون بە مانەوەی دەبینێت، بەڵام پێناچێت فلیک لەگەڵ خەونەکەیدا بێت. خوان گارسیاش گۆڵپارێزێك نییە قبوڵ بكات لەسەر کورسی یەدەگ دابنیشێت. گەڵاتەسەرای و مۆناکۆ زۆر بە جددی ئەم گۆڵپارێزە ئەڵمانیەیان دەوێت.
جاك گریلیش
گریلیش، لەم یاریزانانەیە کە چەند یانەیەک بەدوایەوەن. یەكێك بووە لەو یاریزانانەی نەیتوانی لە ئاست ئەو چاوەڕوانییە گەورەیە بێت كە راهێنەر و هاندەرانی مان سیتی هیوایان پێی هەبوو.
گواردیۆلا دەڵێت: گریلیش دەبێت یاری بکات، چ لەگەڵ ئێمە بێت یان یانەیەکی دیکە. یانەکانی ئێڤەرتۆن، نیۆکاسڵ و بایرن لیڤەرکۆزن هەوڵی بەدەستهێنانی دەدەن.
ئێلخاندرۆ گارناچۆ
گارناچۆ، هێرشبەری ئارجێنتینا لە پلانی مانچێستەر یۆنایتد دوورخراوەتەوە، پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ راهێنەر نییە.
ئەموریم لەبارەی یاریزانەکەی گوتویەتی: گارناچۆ یاریزانێكی باشە، ناپۆلی و چێڵسی دەیانەوێت گرێبەستی لەگەڵ واژوو بکەن.
مارکۆس راشفۆرد
هەرچەند بۆ مانچێستەر گەڕاوەتەوە، بەڵام گەڕانەوەکەی کاتییە. دەڵێن بارسێلۆنا دوای ئەوەی نەیتوانی نیکۆ ویلیامز بکڕێت، نزیکترین بژاردەی راشفۆردە، ئەو یاریزانەش پڕ بە دڵ حەز دەکات بۆ بارسێلۆنا یاری بکات. چونكە زەحمەتە یاریزانێك هەبێت حەز نەکات لەگەڵ یامال و ئەستێرەکانی لاماسیا یاری بکات.
کریستین رۆمێرۆ
یاریزانی هێڵی بەرگری تۆتێنهایم زۆر حەز دەکات بۆ ئاتڵێتیكۆ مەدرید یاری بکات، بەوپێیەی ئەو بەرگریكارە ئارجێنتینایە لە دوایین لێدوانیدا گوتوویەتی: حەز دەکەم لە لالیگا یاری بکەم، بەڵام جیابوونەوەی لە تۆتێنهایم ئاسان نابێت، هەرچەند ئاتڵێتیكۆ هیچکات بڕی 70 ملیۆن یۆرۆ بۆ گواستنەوەی ئەم یاریزانە نادات.
لویس دیاز
بارسێلۆنا ئەم یاریزانەی دەوێت. بڕی پارەی گواستنەوەکەی 80 ملیۆن یۆرۆیە و تەنانەت گرانتر لە نیکۆ و راشفۆردە. دەنگۆی ئەوە هەیە بارسێلۆنا رێگەی دانی ئۆلمۆ بە نهێنی هەوڵی رازیكردنی ئەو هێرشبەرە كۆلۆمبییەی لیڤەرپوولی داوە، بەوپێیەی ئۆڵمۆ و دیاز هاوڕێیەكی نزیكی یەكترن.
ئیمریك لاپۆرت
ئاتڵێتیك بلباو، بەرگریکارێكی دەوێت، ئەویش ئیمریك لاپۆرتە، گواستنەوەیەکی سەخت و دژوار بۆ بلباو. هەرچەند نەسری سعودیەش دەیەوێت پارێزگاری لە مانەوەی ئەو یاریزانە بكات، چونكە کریستیانۆ رۆناڵدۆش داوای مانەوەی ئەو یاریزانەی كردووە.
جەیدن سانچۆ
ئەگەری زۆر کەمە سانچۆ لە مانچێستەر یۆنایتد بمێنێتەوە، پێشبینی دەكرێت ئەزموونێكی نوێ لە دەرەوەی بەریتانیا تاقی بكاتەوە، دوو بژاردەی لەبەردەمە یان پۆشینی درێسی یوڤێنتۆسی ئیتاڵیا یان گەڕانەوەی بۆ دۆرتمۆندی پێشووی.
دێنزل دۆمفریس
چاوەکان لەسەر ئەم یاریزانەن، هەمووان دەپرسن بۆ کام یانە دەچێت؟، بەڵام کام یانە بڕی 25 ملیۆن بدات بە ئینتەر میلان، دەبێتە خاوەنی ئەم یاریزانە. دەنگۆی ئەوە هەیە بۆ بارسێلۆنا بچێت. هەرچەندە ئینتەر دەیەوێت بۆندەکەی تاکۆ ساڵی 2028 نوێ بکاتەوە، بەڵام فلیک باش لە ئاستی ئەم یاریزانە تێگەیشتووە و لە راستیدا بەشی زۆری هۆکاری دۆڕانی بارسێلۆنا لە چامپیونزلیگ ئاستبەرزی ئەم یاریزانە هۆكار بوو كە رێگەی نەدا بارسێلۆنا بگاتە یاریی كۆتایی.
ئامادەكردنی: محەمەد شەهدی