کرێملن: له‌ به‌رانبه‌ر ڕەخنەکانی ترەمپ دان بە خۆماندا دەگرین

گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی کرێملن ڕایگەیاند، بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمەریکا، لە بەرانبەر لێدوانەکانی سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته‌، دان بە خۆیاندا دەگرن.

چوارشەممە، 9ـی تەممووزی 2025، دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کرێملن) لە بارەی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئێمە به‌رانبه‌ر ڕەخنەکان دان بە خۆماندا دەگرین.

هەروەها گوتیشی: پێشبینی دەکەم لە گفتوگۆییەکان بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی پەیوەندییەکانمان و چارەکردنی ناکۆکییەکانمان لەگەڵ واشنتن بەردەوام دەبین.

دوێنێ سێشەممە، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاندبوو، سیستەمی بەرگریی دەدەینە ئۆکرانیا، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە خۆی بکات. 

گوتیشی: بیر لە سەپاندنی سزای ئابووریی زیاتر بەسەر مۆسکۆ دەکەمەوە.

لەبارەی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا ئاماژەی دابوو، من هیچ لە پوتن ڕازی نیم و دڵخۆشیش نیم بە کارەکانی، چونکە ئەو خه‌ڵكێكی زۆر دەکوژێت.