ئەمەریکا: پەیامنێری تایبەتیی نەتەوە یەکگرتووەکانی لە غەززە، بایکۆت کرد

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بڕیاری دا، فرانشیسکا ئەلبانێز، پەیامنێری نەتەوە یەکگرتووەکان، تایبەت بە مافی مرۆڤ لە غەززە، بایکۆت بکات.
چوارشەممە، 9 تەممووزی 2025، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "ئەمڕۆ، فرانشیسکا ئەلبانێز، پەیامنێری تایبەتی ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە غەززە، بایکۆت دەکەم، بەرانبەر بەو هەوڵە ناشەرعی و شەرمەزارییانەی کە دەیاندات بۆ هاندانی (دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی) تاکوو هەڵوێست دژ بە بەرپرسان و کۆمپانیا و بەڕێوەبەرانی جێبەجێکاری ئەمەریکی و ئێسرائیلی، وەربگرێت."
ئەلبانێز، هەمیشە بە توندی ڕەخنەی لە شەڕی ئیسرائیل لە غەززە گرتووە و بە داگیرکاری و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و کۆمەڵکوژیی خەڵکانی مەدەنی، تاوانباری کردووە.
دەرنگانێ شەوی چوارشەممە، فرانشیسکا ئەلبانێز، لە هەژماری خۆی، لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی 'ئێکس' نووسی "وەک هەمیشە، سەرسەختانە بەرگریی لە دادپەرەوەری دەکەم."
بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەر، ئەلبانێز، کە پارێزەرێکی ئیتاڵییە، لە نامەیەکدا بۆ کەناڵی جەزیرەی قەتەری، دەڵێت: ئەم هەنگاوەی حکوومەتی ئەمەریکا ڕەت دەکەمەوە و بە شێوازێکی تۆقاندنی مافیائاسای لە قەڵەم دەدەم. ئیسرائیل هاوپەیمانی ئەمەریکایە و لە غەززە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی دەکات.