بەم نزیکانە کارەبای 24 کاتژمێری دەگاتە پارێزگای هەڵەبجە
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10ـی تەمموزی 2025، تیمی پڕۆژەی ڕووناکی ڕایانگەیاند، بەم نزیکانە کارەبای 24 کاتژمێری دەگاتە پارێزگای هەڵەبجە.
ڕاشیانگەیاند "کۆتایی مانگی هەشت پڕۆژەی ڕووناکی دەگاتە پارێزگای هەڵەبجە کە نزیکەی 42 هەزار هاوبەش لێی سوودمەند دەبن، هەروەها لەماوەیەکی کەمدا کارەبای ئەو پارێزگایە دەبێتە 24 کاتژمێری".
دوێنێ چوارشەممە، 9ـی تەمموزی 2025، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەوەی، لە چوارچێوەی پرۆژەی ڕووناکی کارەبای 24 کاتژمێری گەیشتووەتە زیاتر لە دوو ملیۆن هاووڵاتی، کە دەکاتە نزیکەی 30%ـی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، دوابەدوای ئەم فراوانبوونە، زۆرینەی هاوڵاتییان لەسەر ئاستی شارەکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی دەستییان دەگات بە کارەبای 24 کاتژمێری، و فراوانبوونەکەش تەواوی هەردوو بازنەی 150 مەتری لە هەولێر و 60 مەتری لە سلێمانی دەگرێتەوە.
هەروەها ئاماژەیداوە، ئەم دەستکەوتە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو دابینکردنی کارەبایەکی بەردەوام و هەرزانتر لەپاڵ ژینگەیەکی پاکتر لە هەرێمی کوردستان.
بە گوێرەی ئەو ڕووپێوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، زیاتر لە 2 ملیۆن هاوڵاتی و 544 هەزار هاوبەش لە کارەبای 24 کاتژمێری سوودمەند بوون.