کەسکین بایندەر: سبەی پرۆسەیەکی مێژوویی بەڕێوەدەچێت
شاندێکی حزب و لایەنە سیاسییە کوردییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا گەیشتنە زاخۆ و بڕیاروایە سبەی هەینی ئامادەی ڕێوڕەسمی بەڕێوەچوونی پرۆسەی چەکدانانی ژمارەیەک لە چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بن.
لە دوای پەڕینەوەیان لە سنوور و گەیشتنیان بە هەرێمی کوردستان، کەسکین بایندەر، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە)، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ـی تەمووزی 2025، لە زاخۆ قسەی بۆ میدیاکاران کرد و گوتی: هاتووینەتە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی سبەی شاهێدی ڕۆژێکی مێژووی ببین، نوێنەری سەرجەم پێکهاتە و حزبەکانی تورکیا و باکووری کوردستان هاتووین، لەسەر بڕیاری عەبدوڵڵا ئۆجەلان ژمارەیەک چەکداری پەکەکە چەکدادەنێن، بەڵام چەکدانان بە مانای کۆتایی هێنان بە پرسی کورد نایێت لە تورکیا.
بایندەر گوتیشی: هیواخوازین چەکدانانی پەکەکە ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ گەلی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان، هەموو تاکێکی کورد پشتگیری لە پرۆسەکە دەکات و دڵخۆشە بە سەرکەوتنی پرۆسەکە، هەموومان هەوڵ بۆ سەرخستنی پرۆسەکە دەدەین.
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کە پێشوازی لە شاندەکەی باکووری کوردستان و تورکیا کرد، ڕایگەیاند: پیرۆزبایی لە ئێوە و لە دایکانی ئاشتی دەکەین، دایکانی ئاشتی و گەلێک دۆست و خۆشەویستەکانیان دەبینن. هەرێمی کوردستان میوانداری بەڕێوەچوونی پرۆسەیەکی زۆر گرنگ و چارەنوسساز دەکات، هیوادارین سەرەتایەکی باش بێت پرۆسەکە سەرکەوتوو بێت.
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان گوتیشی: هەرێمی کوردستان هەمیشە لەگەڵ ئاشتیی بووە، سەرۆک بارزانی هەوڵی زۆری داوە بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ و ئاڵۆزییەکان.
بە گوێرەی بە دوا داچوونەکانی ماڵپەڕی کوردستان24، سبەی هەینی لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین قۆناغی یەکەمی پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە بەڕێوەدەچێت و بڕیارە گرووپێکی 30 بۆ 40 چەکداری پەکەکە لە چوارچێوەی پرۆسەیەکدا بە دەم بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆکی زیندانیکراوەکەیانەوە بچن، بە ئامادەبوونی بەشێک لە فەرماندە باڵاکانیان و چاودێرانی ناوخۆیی، ناوچەکە و نێودەوڵەتی چەکەکان چەکەکانیان دابنێن و دواتر بەبێ چەک بگەڕێنەوە قەندیل .