لەیلا زانا: سەرۆک بارزانی ڕۆڵێکی کاریگەری لە بەرەوپێشبردنی پرۆسەی ئاشتی هەبووە

لەیلا زانا، سیاستمەداری کورد دەڵێت: هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی کاریگەری هەیە لە چارەسەرکردنی پرۆسەی ئاشتی و هیوادارین کوردستان ببێتە نموونەیەکی جوان بۆ هەموو جیهان.
لەیلا زانا، سیاستمەداری کوردی باکووری کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10ـی تەممووزی 2025، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: حەوت ساڵە نەهاتوومەتە هەرێمی کوردستان و بیری کوردستانم کردبوو. ڕاشیگەیاند: هیوادارین کوردستان ببێتە نموونەیەکی جوان بۆ هەموو جیهان، واز لە زمانی زبر و یەکتر شکاندن بهێنین.
لەیلا زانا گوتی: هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی کاریگەری هەیە لە بەرەوپێشچوونی پێڤاژووی ئاشتی، لە ساڵی 2013، سەرۆک بارزانی دەستپێشخەری کرد.
لەیلا زانا باسی لەوە کرد، دووساڵ زیاترە هەرێمی کوردستان بەشێوەی دیپلۆماسی ڕۆڵێکی بەرچاوی بینیوە و بەردەوامیشە، دەمانەوێت بۆ هەموو لایەک ئاشکرا بکەین کە کورد لایەنی ئاشتی و سەقامگیرییە بۆ ناوچەکە.
باس لەوە کرد، سیاسەتی تێکۆشانمان گۆڕی لە هەموووی گرنگتر توانیمان ئەو تێگەیشتنە بگۆڕین کە دەیانگوت، کورد بوونی نییە.