دژە تیرۆر: درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگە خرایە خوارەوە
دژە تیرۆری کوردستان ڕایدەگەیەنێت: بەرەبەیانی ئەمڕۆ، درۆنێکی بۆمبڕێژکراویان لە نزیک پردی خستووەتەوە خوارەوە.
هەینی 11ـی تەممووزی 2025، دژە تیرۆری کوردستان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردووەتەوە، تێیدا ئاماژە بەوە دەکات، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 11ی تەممووزی 2025، کاتژمێر 1:35، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری پردێ لە پارێزگای کەرکووک تێکشکێندراو خرایە خوارەوە، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی و ماددیی لێ نەکەوتەوە.
شەممەی ڕابردوو 5ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە تێیدا ئاماژەی بەوە کردبوو، ئەو چاوەڕوانییەی لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی فیدڕاڵ، لە کاتی بوونی هەڕەشە لەسەر هەرێم یان هەر ناوچەیەکی دیکەی عێراق هەیە، لەبری گرتەنبەری ڕێوشوێنی پێویست و ڕێگەگرتن لە دووبارەکردنەوەی هەڕەشەکان و سزادانی تاوانباران، بەڵام بە داخەوە هەست دەکەین جۆرێك لە پەردەپۆشكردن و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی هەیە بەرانبەر ئەو زێدەڕۆییە ئەمنییانەی كە لە دژی هەرێمی كوردستان دەکرێت.
وەزارەتەکە دەڵێت: لە ساڵانی ڕابردووش كە بە دەیان جار هەرێم بەر پەلاماری درۆن و مووشەكەكان دەكەوت، هەرچەندە ئاراستە و سەرچاوەی مووشەك و درۆنەكانیش دیاربوون و، چەندین جار بۆ دەرخستنی ڕاستییەكان لیژنەی هاوبەشی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدڕاڵ دروست بوون، بەڵام دیسان بە داخەوە نە دەرئەنجامی لێكۆڵینەوەكان بۆ ڕای گشتی ئاشكرا کران، نە لەسەر ئەو تاوانە كەس سزا درا، بەڵکو هیچ ڕێوشوێنێكیش لە بەرانبەر هیچ لایەنێك نەگیرایەبەر، لە کاتێکدا بەرزترین ئاستی هەماهەنگی لە نێوان هەردوو حکوومەت هەبووە و بەڵگەی ڕوون و ئاشكراش لەبەر دەست بوونە.
هاوکات قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق کە ئێستا بە سەردانێکی فەرمی لە هەرێمی کوردستانە، ڕایگەیاند: حکوومەتی عێراق لێکۆڵینەوە لەو هێرشە درۆنیانە دەکات کە دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق.