گوتەبێژی دەستەی چاکردن و پاراستنی ژینگە: کابینەی نۆیەم هەوڵی پاراستنی ژینگەی کوردستانی داوە

گوتەبێژی دەستەی چاکردنەوە و پاراستنی ژینگە ڕایگەیاند، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی پاراستنی ژینگەی کوردستانی داوە.

ئەمڕۆ هەینی، 11ـی تەمموزی 2025، د. سەنعان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی دەستەی چاکردنەوە و پاراستنی ژینگە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئێمە وەکو دەستەی ژینگە بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کار دەکەین بۆ باشتر کردن و پاراستنی ژینگەی هەرێمی کوردستان.

گوتەبێژی دەستەی چاکردنەوە و پاراستنی ژینگە دەڵێت: لە کارنامەی کابینەی نۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاتووە؛ ژینگەی کوردستان پێویستە بە هەموومانەوە پارێزگاری لێ بکەین، لەسەر ئەم بنەمایە کارمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، کردووە.

دەشڵێت: لە ئاستی ناوخۆی وەکو دەستەی چاکردن و پاراستنی ژینگە چەند فەرمانگەیەکمان کردووەتەوە لەوانەش لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، سۆران و لە پارێزگای هەڵەبجە و فەرمانگەیەک لەناو دیوانی دەستەی ژینگە تایبەت بە گۆڕانی کەشوهەوا.

ئاماژەی بەوەش دا، بەردەوامن لە ڕێنماییە ژینگەییەکان لەگەڵ کارگە، پاڵاوگەکان و وەبەرهێنەرەکان و مەرجیان بەسەردا دەسەپێنن و لەگەڵ ئەو شوێنانەی کە مەرج و ڕێنمایی جێبەجێ ناکەن و سەرپێچی دەکەن ڕووبەڕووی دادگا دەبنەوە.

باسی لەوەش کرد، مەرج و ڕێنماییەکان، دانانی فلتەر، یەکەی ئاو، زیاد کردنی ڕووبەری سەوزایی، چارەکردنی خۆڵ و خاشاک، هەر خاوەن وەبەرهێنێک دەبێت پابەند بێت بە دابین کردنی سەدا25ـی سەوزایی، لە ساڵی رابردوو 858 هەزار دۆنم سەوزکردنمان لە هەموو شار و شارۆچکەکان کردووە.

سەنعان عەبدوڵڵا، ڕاشیگەیاند "ئێمە بەڵگەنامەی خۆ گونجاندنی ناوخۆییمان هەیە، ئەو بەڵگە نامەش بۆ رووبەڕوو بوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، لە کەرتی ئاو، کستوکاڵ و ئاسایشی خۆراک، لەگەڵ هەمەجۆری زیندەوەران، ئەو کەرتانە زۆر گرنگن بۆ ئەوەی خۆ گونجاندنیان بۆ بکەین."

 
Fly Erbil Advertisment