پەرلەمان داوا لە وەزارەتی دارایی عێراق دەکات، پەلە لە ناردنی خشتەکانی بودجە بکات

لیژنەی دارایی پەرلەمان، داوا لە وەزیری دارایی عێراق دەکات، پەلە بکات لە ناردنی خشتەکانی بودجەی ساڵی 2025 بۆ پەرلەمان تا پەسەند بکرێت.
شەممە 12ـی تەممووزی 2025، عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، نووسراوێکی ئاراستەی وەزارەتی دارایی وڵاتەکە کرد.
لە نووسراوەکەدا، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، داوا لە تەیف سامی، وەزیری دارایی وڵاتەکە دەکات، پەلە بکات لە ناردنی خشتەکانی بودجەی 2025 بۆ پەرلەمان تا پەسەند بکرێت و ڕێگە بە خەرجکردنی پارە بدرێت بۆ پێویستییەکانی دامودەزگا حکوومییەکان.
لە نووسراوەکەدا هاتووە، بە پشتبەستن بە بڕگەکانی ماددەی (77/دووەم) لە یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیدا بۆ ساڵەکانی (2023، 2024 و 2025)، دەبوو پێش کۆتاییهاتنی ساڵی ڕابردوو، خشتەکانی بودجە بۆ پەرلەمان بنێردرابایە.
