دەوڵەتێکی نوێ لەسەر نەخشەی جیهان دەردەکەوێت

دیمەنێکی شاری نۆمییا، پایتەختی کالیدۆنیای نوێ
دیمەنێکی شاری نۆمییا، پایتەختی کالیدۆنیای نوێ

بەم نزیکانە کۆمەڵە دوورگەی 'کالیدۆنیای نوێ' لە ئۆقیانووسی ئارام، لە ڕۆژهەڵاتی ئوسترالیا، وەک دەوڵەتێکی نوێ ڕادەگەیەنرێت.

شەممە، 12ـی تەممووزی 2025، ڕۆژنامەی 'پۆلیتیکۆ' ی فەرەنسی لە ڕاپۆرتێکدا، بڵاوی کردووەتەوە "لایەنە سیاسییە ڕکابەرەکان کە دەربارەی داهاتووی کالیدۆنیای نوێ، گفتوگۆیان دەکرد، ئەمڕۆ لەسەر دروستکردنی دەوڵەتێکی نۆێی ئۆتۆنۆم ڕێک کەوتن کە پەیوەندییەکی لاوەکی لەگەڵ فەرەنسادا دەمێنێت."

ڕۆژنامەکە، ئاماژەی بەوە کردووە کۆمەڵە لایەنگر و دژەکانی سەربەخۆیی کالیدۆنیای نوێ، لەسەر چارەیەکی مامناوەندی ڕێک کەوتن، بەوەی کە ئۆتۆنۆمییەکی فراوان بدرێتە کۆمەڵە دوورگەکە. لە ڕێککەوتنەکەدا، بڕیار دراوە ڕەگەزنامەیەکی تایبەت بۆ دانیشتوانەکەی دروست بکرێت و حکوومەتێکی نوێی بە دەسەڵاتی دامەزراندنی پەیوەندیی نێودەوڵەتییەوە بۆ پێک بهێنرێت. دەقی ڕێککەوتنەکە دەبێت سەرەتا، لە پەرلەمانی فەرەنسا دەنگی پێ بدرێت و پاشان لە کۆمەڵە دوورگەکەدا ڕیفراندۆمی بۆ بکرێت.

ئیمانۆیل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس' نووسیویەتی "ڕێککەوتن لەسەر سیستەمی بەڕێوەبردنی کالیدۆنیای نوێ، ڕووداوێکی میژووییە"

مانگی ئایاری ساڵی ڕابردوو، شەپۆلێکی گرژی ناڕەزایی دژ بە هەمواری یاسای هەڵبژاردنی فەرەنسی لە کالیدۆنیای نوێ، سەری هەڵدا و بووە هۆی کوژرانی 14 کەس. 

کۆمەڵە دوورگەی کالیدۆنیای نوێ دەکەوێتە باشووری خۆرئاوای ئۆقیانووسی ئارام بە دووری 1500 کیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی ئوسترالیا و ژمارەی دانیشتوانەکەی 270 هەزار کەسە. گەلی ڕەسەنی کاناکی میلانزییەکان لە %41 ی دانیشتوانەکەی پێک دەهێنن و ئەوانی تر هاووڵاتیانی کۆچبەری ئەورووپایین.

دەریاوانی ناوداری بەریتانی' جەیمس کۆک" ساڵی 1774 ئەم کۆمەڵە دوورگەیەی دۆزییەوە. ساڵی 1853 فەرەنسا داگیری کرد و وەک جێگەیەک بۆ زیندانیکردن و سزادانی تاوانباران بەکاری دەهێنا. دواتر، لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەمدا کالیدۆنیای نوێ بوو بە کۆڵۆنییەکی سەر بە فەرەنسا و لە ساڵی 1998، نیمچە ئۆتۆنۆمییەکی پێ درا. 

پێگەی کالیدۆنیای نوێ لە ئۆقیانووسی ئارام

 

 
 
Fly Erbil Advertisment