سلێمانی.. 19 کەس لەسەر ئاگر کەوتنەوەی دارستانەکان دەستگیر کراون

ئەمڕۆ یەکشەممە، 13ـی تەمموزی 2025، عەمید هێمن کەمەرخان، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی دارستانی سلێمانی، بە کوردسدتان24ـی ڕاگەیاند، هۆکارەکانی دروست بوونی ئاگر لە دارستانەکانی سلێمانی و دەوروبەری جۆراوجۆرە، لەوانەش؛ فرەدانی پاشماوەی جگەرە، شۆرتی کارەبا، بەجێ‌هێشتنی پاشماوەی ئاگری گەشتیاران، هەموو ئەمانە بوونەتە هۆی دروست بوونی ئاگر و زیانێکی زۆری بە دارستانەکانی سلێمانی گەیاندووە.

هێمن کەمەرخان  دەڵێت: دوای وردەکاری و بەدواداچوون بۆ هۆکاری دروست بوونی ئەو ئاگرەمان زانی لەگەڵ ئەوانەی بوونە هۆکاری ئەو ئاگرەن و 19 کەسمان دەستگیر کرد و ڕووبەڕووی یاسامان کردوونەوە. یاساش بەپێی جۆری سەرپێچییەکە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکات.

ڕاشیگەیاند "لە ماوە چەند مانگێکی ڕابردوو زیاتر لە 21 هەزار دۆنم زەرەر و زیان بە سروشت و ژینگە کەوتووە، و زیاتر لە حەوت هەزار داری سروشتی سوتاوە و حەوت باخی هاووڵاتییان زیانی پێگەشتووە و سووتاوە.

دەشڵێت: لە کاتی سەیران و گەشت مەفرەزەکانمان ڕێنمایی بە گەشتیاران دەدەن، تاکوو زیان بەر ژینگە و سروشتی کوردستان نەکوێت.