پارێزگاری هەولێر: لە کۆتایی ساڵی 2026 پرۆژەی دووسایدی کەسنەزان-دەربەندی گۆمەسپان تەواو دەبێت
پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، لە پرۆژەی دووسایدی کەسنەزان-دەربەندی گۆمەسپان، 2 هەزار کارمەند و 600 ئامێری جۆراوجۆر کاری تێدا دەکەن کە بڕیارە لە کۆتایی ساڵی 2026 تەواو بکرێت.
یەکشەممە 13ـی تەممووزی 2025. ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسیویەتی: پرۆژەی دووسایدی کەسنەزان- دەربەندی گۆمەسپان، کە لە لایەن کۆمپانیایی هێمن گرووپ جێبەجێ دەکرێت، بڕیارە لە کۆتایی ساڵی 2026 تەواو بکرێت.
پارێزگاری هەولێر ئاماژەشی داوە، درێژی شەقامەکە 15 کیلۆمەترە و پانی هەر سایدێک 10 مەتر و 75 سانتیمەترە و دوو ڕێڕەوی سەرەکی و ڕێڕەوێکی فریاگوزاری دەبێت، کە لە کۆتایی شەقامی کەسنەزان دەست پێ دەکات و لە دەربەندی گۆمەسپان کۆتایی دێت.
ئومێد خۆشناو باسی لەوەش کردووە، دووسایدەکە لە چوار پرد و یەک ئەندەرپاس، 40 ئاوبەری سندووقی قەبارە درێژی جۆراوجۆر، پەرژینی خۆپاراستن و سیستەمی ئاوەڕۆی پێک دێت.
ئەوەشی خستووەتە ڕوو، لەو پرۆژەیەدا 2 هەزار کارمەند و 600 ئامێری جۆراوجۆر کاری تێدا دەکەن، کە 99%ی پشتی بە هێزی کاری ناوخۆیی بەستووە.
لە 3ـی تەممووزی 2025، فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەستپێکردنی پرۆژەکەی ڕاگەیاند.
هەروەها ئاماژەشی دابوو، پرۆژەیەکی ستراتیژی و گرنگی سنووری پارێزگای هەولێرە و بە تەواوبوونی، سوودێکی زۆری دەبێت بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییان و گەشتیاران و کەمکردنەوەی قەرەباڵغیی سەر ڕێگاکە، کە پێشتر یەک ساید بووە و ڕووداوی نەخوازراوی لێکەوتۆتەوە.
باسی لەوەش کردبوو، پرۆژەکە هاوتەریب لەگەڵ پرۆژەی دووسایدی گۆمەسپان - سماقووڵی کاری تێدا دەکرێت و بە تەواوبوونی، ڕێگای هەولێر تا ڕێگای سماقوڵی بە درێژیی 38 کیلۆمەتر دەبێتە دوو ساید.