ڕوانگەی سووری بۆ کوردستان24: لە شەڕوپێکدادانەکانی سوەیدا 21 کەس کوژراون و 80 کەسیش برینداربوونە

لە پارێزگای سوەیدا لەباشووری سووریا، شەڕ لەنێوان درووزەكان و چەكداری هۆزی ناوچەكەدا روویدا، بەهۆیەوە ژمارەیەک کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.

ڕامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری، ئەمڕۆ یەکشەممە، 13ـی تەمووزی 2025، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە شەڕوپێکدادانەکانی سوەیدا 21 کەس کوژراون و 80 کەسیش بریندارن. 

بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری گوتیشی: شەڕ و پێکدادانی سەخت لەنێوان گرووپە چەکدارەکان ڕوویداوە، هەروەها بەگوێرەی ئاماری رێكخراوەكە لەناو كوژراوەكان 10 كەس لە درووزەكان هەن کە منداڵی تێدایە.

هۆکاری شەڕەکە لەئەنجامی داخستنی رێگەی دیمەشق- سوەیدا  و هاتوچۆكردن لە نێوان ئەو دوو پارێزگایە بەتەواوی وەستا، دواتر لەلایەن چەكدارەكان سەری هەڵدا.