ملیۆنێک و 700 هەزار حەبی کەپتاگۆن لە ئەڵمانیا دەستی بەسەرداگیرا

پۆلیسی ئەڵمانیا دەستی بەسەر زیاتر لە ملیۆنێک و 700 هەزار حەبی کەپتاگۆندا گیرا کە هەوڵدەدرا لەڕێگەی بارهەڵگرێکی خۆراکەوە بگەیەندرێتە دووکانێکی سەوزەفرۆشییەوە، پۆلیس دەڵێت: دەستمان بە لێکۆڵینەوەی ورد کردووە لەبارەی تۆمەتباری سەرەکی گواستنەوەی  ماددە هۆشبەرەکە و سەرچاوەی هاتنی ئەم هەموو ماددە هۆشبەرەی هێنراونەتە نێو ئەڵمانیا.

بەپێی زانیارییەکانی پێگەی هەواڵیی(دێرشپیگل) کە لە زاری سەرچاوەیەکی پۆلیسی شاری لاندسبیرگی هەرێمی ساکسۆنیا گواستوویەتییەوە: دەستیان بەسەر سەدان کیلۆ ماددەی هۆشبەردا لەنێو دوکانێکی سەوزەفرۆشیدا گرتووە ، پۆلیس و دادگا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ئاشکرایان کردووە، ئەو بڕە ماددە هۆشبەرەی دەستی بەسەرداگیراوە، مەزەندە دەکرێت بەهاکەی 20 ملیۆن یۆرۆ بێت، ئەو دوولایەنە فەرمییە دەڵێن: ئەو بڕە زیاترین بڕی ماددەی هۆشبەرە کە تا ئێستا لە ئەڵمانیا دەستی بەسەرداگیرا بێت.

پۆلیسی ئەڵمانیا دەستی بە لێکۆڵینەوەی ورد کردووە لەبارەی گومانلێکراوان و بازرگانانی ماددەی هۆشبەر کە مەزەندە دەکرێت لە دەرەوەی ئەڵمانیاوە هاتبن بۆ ئەوەی بارە نایاساییەکەیان بگەیەننە دوکانی سەوزەفرۆشییەکە، پۆلیس دەڵێت: دەستییان بەسەر زیاتر لە 20 باری گوماناویدا گرت کە تێیدا دەرکەوت، تەواویان ماددەی هۆشبەرن لە جۆری حەبی کەپتاگۆن.