غەززە..مووشەکێکی ئیسرائیل 8 فەڵەستینی کوشت

شوێنی کەوتنە خوارەوەی مووشەکەکە
شوێنی کەوتنە خوارەوەی مووشەکەکە

دەستەی پەخشی فەرمیی ئیسرائیل، بڵاوی کردەوە، لە ئەنجامی هەڵەیەکی تەکنیکی، مووشەکێک لە ئۆردووگای نوسەیرات، لە ناوەڕاستی غەززە کەوتە خوارەوە و 8 فەڵەستینی کوشت، زۆرینەیان منداڵن.

یەکشەممە، 13ـی تەممووزی 2025، مووشەکێکی سوپای ئیسرائیل، لە ئۆردووگای نوسەیرات لە کەرتی غەززە کەوتە خوارەوە و لە ئەنجامدا 8 فەڵەستینی کوژران کە زۆرینەیان منداڵن. دەستەی پەخشی ئیسرائیل کەوتەخوارەوەی مووشەکەکەی بۆ هەڵەیەکی تەکنیکی گەڕاندووەتەوە کە بووەتە هۆی ئەوەی مووشەکەکە ئامانجە سەرەکییەکەی خۆی نەپێکێت!

دکتۆر ئەحمەد ئەبو سوفیان، پزیشکی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەی 'ئەلعەودە' بە پەیامنێرانی ناوخۆیی گوت: مووشەکەکە، لە خاڵێکی دابەشکردنی ئاو لە ئۆردووگاکە کەوتووەتە خوارەوە و 6 منداڵ و دوو پیاوی کوشتووە و 17 کەسی دیکەشی بریندار کردووە.

گوتەبێژێکی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند "ئەو مووشەکە، بە مەبەستی لە ناوبردنی ئەندامێکی چالاکی سەر بە 'بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی لە فەڵەستین' هەڵدراوە و  لەئەنجامی هەڵەیەکی تەکنیکی دەیان مەتر بە دووریی ئامانجە دیاریکراوەکەی کەوتووەتە خوارەوە و لێکۆڵینەوە لەو بارەوە دەکەین."

ئەم ڕووداوە، بەشێکە لەو زنجیرە هێرشانەی لە لایەن سوپای ئیسرائیلەوە دەکرێنە سەر ناوەندەکانی دابەشکردنی هاوکاری و بیرەکانی ئاو و لە ئەنجامدا ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی کوژران و بریندار بوونە. لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، کەمیی ئاو، دانیشتوانی غەززەی ناچار کردووە پەنا بۆ ناوەندەکانی دابەشکردنی ئاو ببەن.

نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەکەیەکدا، کە دوێنێ یەکشەممە بڵاوی کردەوە، هۆشداری لە ڕوودانی کارەساتێکی مرۆیی گەورە لە غەززە دا، ئەگەر بە زووترین کات سووتەمەنی هاوکاریی مرۆیی نەگەیەنرێتە کەرتەکە.

 

 
Fly Erbil Advertisment