سبەی تیروپشک بۆ پێدانی زەوی بە فەرمانبەران دەکرێت

بڕیار وایە سبەی سێشەممە، تیروپشک بۆ ناوی ئەو فەرمانبەرانە بکرێت کە سوومەند دەبن لە وەرگرتنی زەوی لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر.

مەریوان حاکم، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە، 14ـی تەمووزی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: سبەی سێشەممە دوو هەزار و 525 پارچە زەوی لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی بەحرکە دابەش دەکرێت، هەموو ئەو فەرمانبەرانەی مەرجی وەرگرتنی زەویان هەیە سوودمەند دەبن.

بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکان گوتیشی: لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانییەکانی هەولێر لە 18 شارەوانی زەوی دابەش دەکرێت، تاوەکوو ئێستا 32 هەزار پارچە زەوی ئامادەکراوە، کار بۆ ئامادەکردنی سەرجەمیان دەکرێت.

لە 27ـی ئاداری 2024، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر فەرمانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بڕیار درا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی.

بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024، لە ڕۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاو کرایەوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment