ڕوانگەی سووری: بەهۆی ئاڵۆزییەکانی سوەیدا 300 کوژراو و بریندار هەن

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەکات، تاوەکوو ئێستا شەڕ و ئاڵۆزییەکان لە سوەیدا بەردەوامن و  هێزە ئەمنییەکان لایەنگری لە عەشیرەتەکان دەکەن دژی دروزەکان.

ڕامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئەمڕۆ دووشەممە، 14ـی تەممووزی 2025، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: مەترسیی کۆمەڵکوژیی نوێ لە سوەیدا هەیە، لە ئاڵۆزییەکاندا زیاتر لە 300 کوژراو و بریندار هەیە، کە بەشی زۆریان هاووڵاتین، هەروەها نزیکەی 100 کوژراو و بریندار لە هێزە ئەمنییەکان هەن.

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ گوتیشی: هێزە ئەمنییەکان لایەنگری لە عەشیرەتەکان دژی دروزەکان دەکەن، تاوەکوو ئێستا شەڕەکە بەردەوامە، ئاڵۆزییەکان پێشووتریش هەبوون، بەڵام بەمشێوەیە نەبوون و  ئەمجارە زیاتر پەرەی سەند.

 لە بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممەوە شەڕوپێکدادانی چەکداری لەنێوان چەکدارانی هۆزە دەشتەکییەکان و چەکدارانی دروزی و هێزە ئەمنییەکانی سەر بە دیمەشق دەستیان پێکردووە،بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکان مرۆڤ تاوەکو ئێستا زیاتر لە 300 کەس کوژراو و بریندار هەن.