دەروازەی ئیبراهیم خەلیل: ئەمساڵ دەست بەسەر زیاتر لە شەش هەزار تۆن کەلوپەلدا گیراوە

لە شەش مانگی ڕابردوودا، لە دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل، دەست بەسەر زیاتر لە شەش هەزار تۆن کەلوپەلدا گیراوە.
سێشەممە، 15ـی تەممووزی 2025، کامی کامل، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا، شەش هەزار و 761 تۆن کەلوپەل کە لە لایەن لیژنە تاقیگەییەکانی دەروازەکەوە پەسەند نەکراون؛ دەستی بەسەردا گیراوە.
کامی کامل باسی لەوەش کرد، لیژنە تاقیگەییەکانی دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل، پشکنینی وردیان بۆ هەموو ئەو کەلوپەلانە کردووە و بۆیان دەرکەوتووە، ماوەبەسەرچوون و نابێت بهێنرێنە نێو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان؛ بۆیە پەسەند نەکراون.
گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل جەختیشی کردەوە "هەموو ئەو کەسانەی دەیانەوێت کاڵایەکی بێ کوالێتی و ماوەبەسەرچوو بهێننە ناوەوەی هەرێمی کوردستان، ڕووبەڕوی یاسا دەکرێنەوە."
بە گوتەی کامی کامل، ستافێکی لێهاتوو و لێزانی لە دەروازەکە هەیە، وردبینی و چاودێریی چڕی هەموو ئەو کاڵایانە دەکات کە دەهێنرێنە دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل و وەکوو خۆی دووپاتی کردەوە، نەیانهێشتووە هیچ کەلوپەلێکی ماوەبەسەرچوو بهێنرێتە نێو هەرێمی کوردستان کە زیان بە تەندروستیی هاووڵاتییان بگەیەنێت.
دەروازەی ئیبراهیم خەلیل، دەروازەیەکی نێودەوڵەتی، فەرمی و کارای نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان و عێراقە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ساڵانەی دامەزراوەی ئاماری تورکیا (تویک)، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان و عێراق لە ساڵی 2024، نزیکەی 20 ملیار دۆلار بووە.