ئەمڕۆ لە هەڵەبجە پرۆژەی ڕووناکی جێبەجێ دەکرێت

لە هەنگاوی یەکەم 25 هەزار هاوبەش سوودمەند دەبن و 300 موەلیدە دەکوژێنرێتەوە

ئەمڕۆ سێشەممە، 15ـی تەممووزی 2025، بەڕێوەبەرای گشتیی کارەبای هەڵەبجە بە کوردستان24ـی ڕایگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ تیمێکی پڕۆژەی ڕووناکی لە هەڵەبجە دوای چاکسازی لە فیدەرەکان و هێڵەکانی کارەبا و دانانی جۆزەی زیرەک، دەست بە جێبەجێکردنی پرۆژەکە بکەن.

بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەڵەبجە دەڵێت: تیمەکە بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ تاکوو 19ـی تەمموز لە هەڵەبجە دەبن و لە سەرجەم دامودەزگاکانی حکوومەت و تەواوی ماڵەکان لە کاتژمێر 5ـی بەرەبەیان تاکوو 12ـی نیوەڕۆ کارەبای نیشتمانیان نابێت. هەروەها تیمەکە چاکسازی لە هێڵەکان و ستوونەکانی کارەبای سلێمانی دەکەن و ئامادەکاری دەکەن تاکوو پڕۆژەی ڕووناکی بێتە پارێزگای هەڵەبجە.

بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەڵەبجە ئاماژەی بەوەش کرد، هەموو هەڵەبجە بە پاکێجێک دەکرێت بە پرۆژەی ڕووناکی، تێیدا نزیکەی 300 موەلیدە دەکوژێتەوە، هاوکات 25 هەزار ماڵ بەشدار دەبن و نزیکەی 100 هەزار هاووڵاتیی سوودمەند دەبن لەو پرۆژەدا.

هەروەها لەلایەن کۆمپانیای برۆک کاست، جێبەجێی دەکرێت و پێشبینی دەکات بە زووترین کات پرۆەژەکە بۆ هەڵەبجە دابین بکرێت، لەبەر ئەوەی بچووکترین پارێزگای هەرێم و عێراقیشە بەو پێیە تیمەکە دەست کراوە دەبێت و بەخێرایی کارەکانیان جێبەجێ دەکەن.

دەشڵێت: بڕیار بوو ئەو تیمە زووتر بگاتە پارێزگای هەڵەبجە، بەڵام بەهۆی چەند کێشەیەکی تەکنیکی خۆیان دوایان خست بۆ ئەمڕۆ. 

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment