لویس ساکۆ بۆ سوودانی: ڕێگری لە سڕینەوەی شوێنەواری مەسیحییەکان نەجەف بکە

کاردیناڵ لویس ساکۆ، پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق، داوا لە محەممەد شیاع سوودانی دەکات، پارێزگاریی لە مێژووی مەسیحییەکانی پاریزگای نەجەف بکات، جەختیشی کردەوە گۆڕستانە مێژووییەکان دەکرێنە پرۆژەی وەرهێنان.
میدیای پاتریارک لە ماڵپەڕەکەیدا بڵاوی کردەوە، "سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان لە نەجەف، ئاگاداریان کردینەوە لەوەی هەوڵدەدرێت گۆڕستانی مێژوویی مەسیحییەکان بدرێتە وەبەرهێنەران بۆ ئەوەی پرۆژەی وەبەرهێنانی تێدا بکەن."
ئاماژەی بەوەش کرد، لویس ساکۆ بروسکەیەکی ئاراستەی سوودانی کرد بۆ دەستوەردان و وەستاندنی پێشێلکردنی شوێنە پیرۆزەکانی مەسیحییەکان، بەتایبەتی "گۆڕستانی مونازەرە" و "گۆڕستانی ئوم خەشم بۆ مونازەرەکانی مەسیحی."
ساکۆ باسی لەوەش کرد، "دەبێت ئەم شوێنەوارانە پاسەوانیان لێبکرێت و سیاجیان بۆ دابنرێت، هەروەها نابێت هیچ ڕەزامەندییەک بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی تایبەت بدرێت کە ئەو شوێنەوارانە بە تەواوی بسڕێتەوە."
گوتیشی، "مێژووی عێراقی ئەمڕۆ لە سەردەمی ئیسلامەوە دەست پێناکات، بەڵکو مێژووی عێراق پێکهاتووە لە ئەکەدییەکان، سۆمەرییەکان، کلدانییەکان، بابلییەکان، ئاشوورییەکان، عەرەبەکان، فارسەکان، مەسیحییەکان و دواجاریش موسڵمانەکان."
لویس ساکۆ ڕاشیگەیاند، "ئەم شوێنە شوێنەوارییانە، لەگەڵ مەزارگە شیعەکان لە نەجەف و کەربەلا، شوێنی زیارەتن کە دەتوانرێت بە شێوەیەکی دروست وەبەرهێنانیان تێدا بکرێت بۆ ئەوەی لە درێژخایەندا ببنە شوێنی گەشتیاریی و ئایینی بۆ زیارەتکردن، ئەمەش بڕە پارەیەکی یەکجار زۆر بۆ وڵاتەکە دەهێنێت، چونکە ڕۆژێک دێت نەوت تەواو دەبێت."