هەولێر.. دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی 18 شارەوانی دەستیپێکرد

کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان
کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان

پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی 18 شارەوانیی سنووری پارێزگای هەولێر دەستیپێکرد.

ئەمڕۆ سێشەممە، 15ـی تەممووزی 2025، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا؛ بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و لایەنە پەیوەندیدارەکان، دەستپێکردنی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی 18 شارەوانیی سنووری پارێزگای هەولێر ڕاگەیاند.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەش دا، لە هەنگاوی یەکەمدا، پارچەزەوی بەسەر فەرمانبەرانی وەزارەت و دامودەزگا جیاوازەکان لە سنووری قەزای بەحرکە، لە سنووری پارێزگای هەولێر دابەش دەکرێن و تیروپشک بۆ نزیکەی چوار هەزار فەرمانبەری سنووری قەزاکە دەکرێت.

 وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئەوەشی خستە ڕوو، تاوەکوو ئێستا وردبینی بۆ ناوی 450 هەزار فەرمانبەر کراوە. باسی لەوەش کرد، لە ماوەی ڕابردوودا، بەهۆی کێشەی موڵکداری، لە سنووری هەندێک شارەوانی کێشەیان بۆ دروست بوو، ئەمەش وایکرد پرۆسەکە کەمێک دوابکەوێت، بەڵام وەکوو خۆی گوتی، هەموو ئەو کێشانە چارە کراون و لەمەودوا پرۆسەکە زۆر بە خێرایی تەواو دەکرێت. 

 

 

ڕووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەرێک تەرخان دەکرێت 200 مەتر دووجا دەبێت؛ دابەشکردنی زەویش بەشێوەی تیروپشک دەبێت، هەروەها بەپێی سیستمی خاڵبەندی دەبێت و سێ مەرج دیاریکراون کە ئەمانەن:

 - ساڵانی خزمەت.

- ژمارەی ئەندامانی خێزان.

- شوێنی نیشتەجێبوون.

ڕۆژی 27ی ئاداری ساڵی 2024، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا بڕیار درا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوون لە وەرگرتنی زەوی.