هەرێمی کوردستان.. زیاتر لە 200 هەزار کرێکار دەستبەری کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە

دەستەبەرکردنی کرێکاران لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە و، ژمارەی ئەوانەی کە دەستەبەر کراون گەیشتە 200 هەزار کرێکار.

محەممەد ئەمین حاجی، بەڕێوەبەری پلان و بەدواداچوون لە بەرێوەبەرایەتیی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: تا نیوەی یەکەمی ئەمساڵ دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ 57 هەزار پرۆژە کراوە، لەبارەی کرێکارانی دەستەبەرکراویش، کۆی گشتیی ئەو کرێکارانەی دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە گەیشتووەتە 200 هەزار کرێکار، لە کاتێکدا بەر لە کابینەی نۆیەم تەنیا 83 هەزار کرێکار دەستبەری کۆمەڵایەتییەکان بۆ کرابوو.

بە پێی یاسای هەموارکراوی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران، دەبێت هەموو خاوەنکارێک لە ڕۆژی دەستبەکاربوونی کرێکار لە پرۆژەکەی، دەستەبەری بکات و ناوی کرێکارەکە لە بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران تۆمار بکات. 

هەروەها دەبێت خاوەنکار دوای تەواوبوونی هەر مانگێک لە کارکردنی کرێکار، 17%ـی مووچەکەی لە بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران دابنێت، بە جۆرێك 5% لە مووچەی کرێکار دەبڕدرێت و 12%ـیش لە ئەستۆی خاوەنکارەکە دەبێت.

 
Fly Erbil Advertisment