ڕووسیا وەڵامی هەڕەشەکانی ترەمپ دەداتەوە

گوتەبێژی کۆشکی کرێملن وەڵامی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ دەداتەوە و ڕایگەیاند، لێدوانەکان سەرۆکی ئەمەریکا جددین و هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکەین، هاوکات لەبارەی پێدانی چەک بە ئۆکرانیا گوتی: ئەمە هەنگاوی بەردەوامی جەنگە.

سێشەممە 15ـی تەممووزی 2025, دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کرێملن) لە بارەی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، بۆ سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر مۆسکۆ گوتی: لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمەریکا جددین، بەڵام هەندێکیان لەبارەی ڤلادیمێر پوتن زۆر کەسی بوون.

پیسکۆڤ گوتیشی: بۆ هەڵسەنگاندنی لێدوانەکانی واشنتن پێویستمان بە کاتە، هەر کاتێکیش پوتن بە پێویستی زانی وەڵامی لێدوانەکان دەداتەوە.

لەبارەی پێدانی چەک بە ئۆکرانیا گوتەبێژی کۆشکی کرێملن باسی لەوە کرد، ئەم هەنگاوانە ئاماژەن بۆ بەردەوامی جەنگ، نەوەک ئاماژەی ئاشتی بن.

دووپاتیشی کردەوە، ڕووسیا بۆ دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئۆکرانیا ئامادەیە، بەڵام چاوەڕێی ئاماژەیەکی کیێڤ بۆ بەڕێوەچوونی دانوستانی داهاتوو.

ڕۆژی دووشەممە 14ـی تەممووزی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕایگەیاندبوو، ئەگەر ڕووسیا و ئۆکرانیا لە 50 ڕۆژی داهاتوو نەگەنە هیچ ڕێککەوتنێک، دووەم باجی گومرگی بەسەر ڕووسیا دەسەپێنێت، باجەکەش بە ڕێژەی %100 دەبێت.

هەروەها دۆناڵد ترەمپ، گوتیشی: ئێمە باشترین کەلوپەلی سەربازی، مووشەک و سیستەمی بەرگریی دروست دەکەین، یەکێتیی ئەورووپا ئەوە باش دەزانێت، بۆیە ئەمڕۆ ڕێککەوتنێکمان کرد کە ئەو چەکانەیان پێ بفرۆشین و ئەوانیش بە ئۆکرانیایی دەدەن. دەشڵێت: ئەمەریکا هیچ پارەیەک نادات و هیچ چەکێکیش ناکڕێت، تەنیا دروستی دەکات و هاوپەیمانیی ناتۆ پارەکەی دەدات.