بەرپرسێکی پێشووی بەسرە لە زیندان گیانی لەدەستدا

سەرچاوەیەکی ئەمنی بڵاوی کردەوە، بەڕێوەبەری پێشووتری تۆماری خانووبەرە لە شارۆچکەی زوبێر لەناو زیندانی بەسرە گیانی لەدەستداوە. کە هاوکاتە لەگەڵ ئەو خۆپیشاندانەی لە هەمان زیندان کراوە و ژمارەیەک زیندانی بە کەرەستە و ئامێری تیژ زیانیان بە خۆیان گەیاند.

ئەو سەرچاوە ئەمنییەی نەیویستووە ناوی خۆی ئاشکرا بکات، بەمیدیاکانی ناوخۆی عێراقی گوتووە، "ئەو زیندانییەی گیانی لەدەستداوە، بەڕێوەبەری پێشووتری تۆماری خانووبەرە بووە لە شارۆچکەی زوبێر، بەپێی ماددەی 289 لە یاسای سزادانی عێراقی، سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرابوو، بە هۆی دۆسیەی پەیوەست بە دەستەی دەستپاکی."

سەرچاوەکە باسی لەوەش کردووە، "نۆ زیندانی لەناو زیندانی ناوەندی بەسرە بە بەکارهێنانی ئامێری تیژ زیانیان بە خۆیان گەیاندووە، وەک ناڕەزایەتییەک بەرانبەر بە ڕێکارەکان کە لەلایەن ئیدارەی زیندانەوە وەک سزایەک بەسەریاندا سەپێنراوە."

گوتیشی "زیندانییەکان لە کلینیکی زیندان چارەسەری برینەکانیان بۆ کراوە، هاوکات یەکێکیان بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستییەوە بۆ نەخۆشخانەی فێرکاریی بەسرە گواستراوەتەوە."