سبەی تیروپشکی وەرگرتنی زەوی بۆ 14 هەزار فەرمانبەر دەکرێت

لە قۆناغی دووەمی دابەشکردنی زەوی لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر بڕیار وایە سبەی پێنجشەممە، تیروپشک بۆ ناوی ئەو فەرمانبەرانە بکرێت کە سوومەند دەبن لە وەرگرتنی زەوی.
کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر، ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ـی تەممووزی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: سبەی پێنجشەممە، پرۆسەی دووەمی دابەشکردنی زەوی لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر بەڕێوەدەچێت.
سەرۆکی شارەوانی هەولێر گوتیشی: سبەینێ 14 هەزار پارجە زەوی دابەشدەکرێت، هەموو ئەو فەرمانبەرانەی ناویان گەڕاوەتەوە سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی زەوی، ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ سێشەممە لە سنووری شارەوانی بەحرکە زیاتر لە سێ هەزار پارچە زەوی دابەشکرا بەسەر فەرمانبەر و پێشمەرگە دا.
کارزان هادی ئاماژەی بەوە دا، لە قۆناغی یەکەمدا سێ هەزار پارجە زەوی دابەشکراوە، کۆی ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی زەوی لەو سنوورە 60 هەزار فەرمانبەرن.
ئەو پارچە زەوییانەی بۆ فەرمانبەران ئامادەکراوە، لە سێ شوێنە: گوندی دارەبەن، گوندی سەیدان، گوندی خەرەبەدراو.
لە 27ـی ئاداری 2024، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر فەرمانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بڕیار درا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی.
بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024، لە ڕۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاو کرایەوە.