ئێران هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا شەرمەزار دەکات

ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر دیمەشق و ناوچە کانی دیکەی سووریا بە توندی شەرمەزار کرد.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ڕایگەیاند "ئیسرائیل هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر سووریا و بەئامانجگرتنی دامەزراوە و شوێنە گشتیی و حکوومییەکانە و لە هەمان کاتدا بەردەوامە لە داگیرکردنی بەشێکی بەرفراوانی ئەو وڵاتە".

گوتیشی: ئەمڕۆ بۆ هەموو لایەک ڕوون بووەتەوە کە ئیسرائیل گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە و بە سوودوەرگرتن لە چەک و پشتیوانی سیاسی ئەمەریکا و هەندێک وڵاتی دیکەی ڕۆژئاوایی و بەتایبەتی ئاڵمان، بەریتانیا و فەرەنسا، بە شێوەیەکی ڕژد هەڕەشەی لە ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی کردووە.

بەقایی ئاماژەی بە ئەو پێشهاتانەی لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا لە ناوچەکەدا بەدی کراون و "ئەوەی لە سووریا ڕوودەدات، دەرئەنجامی بێدەنگی و بێکردەوەیی لە ڕادەبەدەر سەبارەت بە جینۆساید و شەڕخوازی هەژموونی ئیسرائیلە کە زیان و کاردانەوەکانی تەنیا لە گەلی سووریادا سنووردار نییە بەڵکو کاریگەری لەسەر تەواوی ناوچەکە هەیە".

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە جەختی لە بەرپرسیارێتی هاوبەشی هەموو وڵاتانی ناوچەکە بۆ پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری کردەوە و داوای هەنگاوی خێرا و کاریگەر لە لایەن ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بۆ ڕاگرتنی شەڕی و فراوانخوازی مەترسیدار کە لەلایەن ئیسرائیلەوە لە ناوچەکانی دەوروبەری پراکتیزە دەکرێت، کرد. 

دوێنێ چوارشەممە، 17ـی تەممووزی 2025، ئیسرائیل هێرشێکی چڕی بۆسەر ناوچە جیاجیاکانی سووریا دەستپێکرد و دامەزراوە سەربازییەکان و ژێرخانی سووریای کردە ئامانج، دیارترینیان بینای ئەرکانی گشتیی سوپای سووریا لە ناوەڕاستی پایتەخت و کۆشکی سەرۆکایەتیی بوو کە دەڕوانێتە چیاکانی دەوروبەری دیمەشق.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment