بومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.3 لە کەناراوی ئەلاسکای ئەمەریکا ڕوویدا
دەسەڵاتدارانی ئەلاسکا هۆشداریی ڕوودانی توسونامی دەدەن و داوا لە هاووڵاتییان دەکەن، لە ئاوەکە بێنە دەرەوە و لە لێواریشی دوورکەونەوە، بچنە شوێنێکی پارێزراو.
بەپێی دەستەی ڕووپێوی جیۆلۆجی ئەمەریکا، ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ـی تەممووزی 2025، بومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.3 پلەی ڕێختەر، لە کەناراوەکانی ئەلاسکای ئەمەریکای داوە، بەهۆی ئەوەشەوە زەنگی ئاگەدارکردنەوەی ڕوودانی تسونامی لێدراوە.
بەپێی زانیاری دەستەکە، بوومەلەرزەکە بە دووری 87 کیلۆمەتر لە باشووری ساند بوینت و بە قوڵایی نزیکەی 20.1 کیلۆمەتر، ڕوویداوە.
بەهۆی مەترسییەکانی بوومەلەرزەکە، دەسەڵاتدارانی ناوچەکە، هۆشدارییان لە ڕوودانی تسونامی لە باشووری و دوورگەی ئەلاسکا داوە.
ناوەندی هۆشداریی لە تسونامی ڕایگەیاندووە، زەنگی ئاگەدارکردنەوە بۆ باشوور و دوورگەی ئەلاسکا، هەروەها کەناراوەکانی زەریای هێمنە لە کینیدی ئینترانس(بە دووری 64 کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژئوای هۆمەر) بۆ یونیمیک باس لە ئەلاسکا بە نزیکەی(128 کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی یونالاسکا)، چونکە مەترسی ڕوودانی تسونامی لەم ناوچانە هەیە.
بەپێی زانیارییەکانی ئەم ناوەندە، ئەلاسکا کەوتووەتە سەر پشتێنەی ئاگرینی چالاکی بومەلەرزە لە زەریای هێمن.