سامان بەرزنجی: بۆ یەکەمجار لە کابینەی نۆیەمدا یاسا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر دەرکرا

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی

وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان دەڵێت: بۆ یەکەمجار لە هەرێمی کوردستان، لە سەردەمی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، یاسای ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر دەرکرا.

سامان بەرزنجی لە سیمپۆزیۆمی ڕووبەڕووبوونەوەی  ماددەی هۆشبەر لە هەولێر گوتی: لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی، ڕۆژ دوای ڕۆژ ڕژدتر دەبن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر.

پێنجشەممە 17ـی تەممووزی 2025، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ڕووبەڕووبونەوەی ماددەی هۆشبەر، پێویستی بەکاری هاوبەش هەیە، هاوکات پێویستی بەوە هەیە پاڵپشت و هاوکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بن لەم دۆسیەیەدا، لە سەردەمی  کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا لە ساڵی 2020، یاسایەک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر دەرکرا، چەندین ڕێکار و ڕێنمایی و یاسا چوونە بواری جێبەجێکردن کە خۆی لە هەشت بەشدا دەبینێتەوە، هاوکات 50 ماددەی یاسایی و چەندین بڕگە و پابەندیی تێدایە.

سامان بەرزنجی گوتی: ماددە هۆشبەرەکان سێ ڕەهەندی جیاوازیی هەیە، ئەوانیش لایەنی یاسایی، لایەنی ئاسایشی نیشتمانییە، لەگەڵ لایەنی زانستی و تەندروستییە، ڕەتیشی کردەوە دەرمان و پێداویستی پزیشکی، هۆکار و سەرچاوەی ئاڵودەبوون بن بە ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستاندا.

وەزیری تەندروستی ئاماژەی بە هۆشیاریی کۆمەڵگا کرد بۆ دوورخستنەوەی گەنجان لە ماددەی هۆشبەر کە لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە ماوەیەکە دەستی پێکراوە، ئەم هەنگاوەی بە هەنگاوێکی نیشتمانیی زانی.