سەرۆک کۆماری ئێران بە تەکسی چوو بۆ تەورێز

مستەفا مەولوودی، پشکنەری تایبەتیی سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕایگەیاند، لە ئەنجامی پەککەوتنی ئۆتۆمبیلەکانی، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، ناچار بووە بە تەکسی بچێت بۆ تەورێز.
چوارشەممە، 16ـی تەممووزی 2025، مستەفا مەولوودی، بە پەیامنێرانی گوت: کاتێک مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لەگەڵ پارێزەرەکانیدا بە 3 ئۆتۆمبیل بۆ تەورێز دەچوون، لە ڕێگە، لە بەنزینخانەیەک بەنزین دەکڕن، بەڵام پاش ماوەیەک لەبەر خراپیی جۆری بەنزینەکە، هەر سێ ئۆتۆمبیلەکە پەکیان دەکەوێت و سەرۆک کۆمار و پارێزەرەکانی، بە تەکسی درێژەیان بە گەشتەکەیان داوە.
پشکنەری تایبەتیی سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئاشکرای کردووە "پاش ئەوەی پەیوەندیمان بە کۆمپانیای دابەشکردنی بەنزینەوە کرد، دەرکەوت ئەو بەنزینخانەیە ئاوی تێکەڵی بەنزینەکە کردووە و ئەمەش یەکەمجار نییە کە کاری وا دەکات!"
مستەفا مەولوودی، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: سەرۆک کۆمار، چەند ڕۆژ لەمەوبەر ئەو گەشتەی کردووە و ئۆتۆمبیلەکانی لە نزیک شارۆچکەی تاکستان لەکار کەوتوون.
دیاردەی فرۆشتنی بەنزینی پیس و خراپ، بە تایبەت لە بەنزینخانەکانی سەر شەقامە دەرەکییەکان، ماوەیەکە لە ئێران سەری هەڵداوە و ڕۆژانە دەبێتە هۆی لەکار کەوتنی ئۆتۆمبیلی هاووڵاتیان.