هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی بریندارانی شاری کوت ئامادەیە

"لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ پێشوازی و چارەسەرکردنی بریندارانی شاری کوت"

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، پەیامی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، بۆ دەربڕینی نیگەرانی، هاوخەمی و ئامادەیی هاوکاریکردن بۆ پێشوازیکردن و چارەسەری بریندارانی ڕووداوی سوتانەکەی شاری کووت، گەیاندە وەزیری تەندروستی فیدراڵ، پارێزگار و بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی واست.

پێنجشەممە 17ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی ڕووداوەکەی شاری کوت، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لەسەر ڕاسپاردە و بە نوێنەرایەتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان، پەیامی سەرۆک وەزیرانی بۆ دەربڕینی نیگەرانی، هاوخەمی و ئامادەیی هاوکاریکردن بۆ پێشوازیکردن و چارەسەری بریندارانی ڕووداوی سوتانەکەی شاری کوت، گەیاندە هەر یەک لە د. ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستی فیدراڵ، محەممەد مەیاحی، پارێزگار و جەبار یاسری، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی واست.

وەزارەتەکە باسی لەوە کردەوە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا نیگەرانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ڕاسپاردەییان بۆ ئامادەیی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی دەربڕی، بۆ فریاگوزاری، چارەسەری، ناردنی هەر پێداویستیەکی پزیشکی و پێشوازیکردنی برینداران و نەخۆشان بۆ نەخۆشخانەکانی هەرێم و هاوکاریکردنیان.

لە بەرامبەردا، هەر یەکە لە وەزیری تەندروستیی عێراقی فیدراڵ، پارێزگار و بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی واست، وێڕای سڵاو و ڕێز و ستاشی ئەم هەڵوێستەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، سوپاسێکی تایبەتییان کرد بۆ ئەم دەستپێشخەرییە مرۆڤدۆستیە، هەماهەنگی و هاوکاریکردنی مرۆیی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە.

پێنجشەممە، 17ـی تەممووزی 2025، بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە مۆڵیکی پێنج نهۆمی لە شاری کوتی سەر بە پارێزگای واست، 61 کەس گیانیان لە دەستدا ، کە زۆرینەیان بەهۆی دووکەڵی ئاگرەکەوە خنکاون،

وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە بارەی ڕووداوەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، باڵەخانە بازرگانییە پێنج نهۆمییەکە، لە خواردنگەیەک و هایپەرمارکێتێک پێکدێت و تەنیا حەوت ڕۆژە کراوەتەوە. 

وەزارەتەکە باسی لەوەش کردووە، بە مەبەستی زانینی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە پێکهێنراوە و جەختیش لەوە کراوەتەوە، هەر کەسێک کەمتەرخەم بووبێت، ڕێکاری یاسایی لەگەڵ دەگیرێتەبەر. ڕاشیگەیاندووە، دواتر ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنن. 

 
 
Fly Erbil Advertisment